بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە
تا کانوونی یەکەم گەشتەکانی هەولێر و بەیرووت هەڵوەشانەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کۆمپانیای فڕۆکەوانی SunExpress، بڕیاریدا راگرتنی گەشتەکانی بەیرووت و هەولێر هەتا 17ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ درێژبکاتەوە.
زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکان یان خۆیان دوورن دەگرن لە ئاسمانی عێراق یان گەشتەکانیان بۆی راگرتووە، بەپێی زانیاری دەستکەوتوو، کۆمپانیای فڕۆکەوانی SunExpress کە پێشتر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ تەل ئەبیب راگرت، تا 17.12.2024 گەشتەکانی بەیروت و هەولێریشی هەڵوەشاندەوە.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و بەیروت و هۆکارە ئەمنییەکانەوە، ژمارەیەکی زۆر هێڵی فڕۆکەوانی ناوخۆیی و بیانیی گەشتەکانیان بۆ لوبنان، ئوردن و عێراق هەڵوەشاندەوە.
SunExpress کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی تورکی-ئەڵمانییە و بنکەکەی لە ئەنتاڵیایە، لە ساڵی 1989 وەک کۆمپانیایەکی هاوبەشی هێڵی ئاسمانی تورکیا و کۆمپانیای لوفتانزا دامەزراوە، گەشتی سەرنشینی بۆ 90 شوێنی مەبەست لە 30 وڵاتی ئەوروپا و هەروەها باکووری ئەفریقا، دەریای ناوەڕاست، دەریای ڕەش و دەریای سوور ئەنجام دەدات.