دوو رۆژ جارێک نۆرەی ئاویانە
هەواری شاری شارەزوور ئاوی خواردنەوەی پێگەیشت
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.10.2024، پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکی هەواری شار لە شارەزوور کرایەوە، زیاتر لە هەزار ماڵ لە پڕۆژەکە سوودمەندەبن و تاسەی چەند ساڵ بێ ئاویان دەشکێنێ.
ئێستا ئیتر، دوو رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێ و لە کاتژمێر و نیوێک کەمتر نابێ.
رەمەزان عارف، بەڕێوەبەری ئاوی شارەزوور بۆ 964 ئەوەی وت، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی و فەرمانگەی ئاوی شارەزوور و زەڕایەن سەرپەرشتی کراوە، پێشتر ئەم گەڕەکە هەفتەی جارێک بە تانکەر ئاویان بۆ دابین کردوون و بەتەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە وادەکەن، قەرەبووی چەند ساڵ بێ ئاویان بۆ بکەینەوە.
تێچوی پڕۆژەکە 839 ملیۆن و 869 هەزار و 500دینار بووە، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی و بە درێژی 14 هەزار و 235 مەتر، زیاتر لە 1000 ماڵ لێی سوودمەند دەبن لە هەردوو سنوری، قەزای شارەزوور و ناحیەی زەرایەن، سەرجەم کارەکانی تەواوکراون.
ئەوە لە کاتێکدا، ئاوی شارەزوور دیزاین و دەرخستەی کردووە بۆ گەرەکی رۆژئاوای شارەزوور، لەلایەن قایمقامیەتەوە لە پلانی گەشەپێدانی پارێزگاکان بۆساڵی 2024 جێگەی کراوەتەوە، رەمەزان عارف وتی، “بەهۆی ئەوەی بەشێک لە تانکەرەکانمان ئاوی بۆ گەڕەکی هەواری شار دابین دەکرد، هەفتەی جارێک ئاومان بە گەڕەکی رۆژئاواش دەدا و لەمەودوا دەیکەین بە هەفتەی دووجار بۆیان”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا