رێگەیان داخست

دانیشتووانی لانە سيتی لە کەلار بۆ دروستکردنی قوتابخانە گردبوونەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.10.2024، دانیشتووانی پرۆژەی لانە سیتی لە قەزای کەلار گردبوونەوە، دەڵێن جگە لە خانووەکان ھیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریان بۆ ئەنجام نەدراوە.

دانیشتووانی پڕۆژەکە رێگەی سەرەکيی رۆیشتن بۆ پڕۆژەی لانە سیتی و چەند پڕۆژەیەکی تریان داخست.

ئيدریس حەمەکەریم، یەکێکە لە دانیشتووانی پڕۆژەی لانە سیتی بە 964ـى وت، “داواکارییەکانی ئێمە خزمەتگوزاری سەرەتاییە، پڕۆژەکە گرفتی زۆرە، بەڵام ئێمە وازمان لە گرفتەکانی تر ھێناوە و تەنیا قوتابخانەیەکمان دەوێت بۆ منداڵەکانمان”.

“قوتابخانەیەکمان لە کابینە بۆ منداڵەکان دروستکردووە، لەسەر رێڕەوی ئاوەڕۆی قورسە، لە زستانان لە کاتی باران ئاوی زۆر لەو جێگایە کۆدەبێتەوە، دەبینە چاودێری منداڵەکانمان تا دەڕۆن و دێنەوە بۆ ئەوەی ئاو نەیانبات” ئیدریس محەمەد وای وت.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی لانە سیتیە بۆ 964 وتی، “قوتابخانەکە ھیچ گونجاو نییە بۆ خوێندن، جگە لەوەش قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی دەبێت بڕۆنە ئەو قوتابخانانەی لە دەرەوەی پڕۆژەکەن و لەوێ بخوێنن.”

روونیشیکردەوە، کە چەندین جار داوایان لە بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە کردووە، بەڵام سوودی نەبووە و ئەگەر ئەمجارە وەڵامی داواکارییەکەیان نەدەنەوە، ھەفتانە لە گردبوونەوە بەردەوام دەبن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، قوتابخانەکە لەلایەن خێرخواز و دانیشتووانی پڕۆژەکە دروستکراوە و 299 قوتابی تێیدا دەخوێنن.

لانە سیتی پرۆژەیەکی وەبەرھێنانە لەلایەن کۆمپانیای رووناکی شارەوە جێبەجێکراوە، ماوەی چوار ساڵە تەواو کراوە و نزیکەی 350 ماڵ تێیدا نیشتەجێن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

دوای 10 رۆژ قوتابخانه‌كه‌ى لانە سيتی خاوێنکرایەوە

دوای 10 رۆژ قوتابخانه‌كه‌ى لانە سيتی خاوێنکرایەوە