سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان:

“هەموو كێشەكانمان خەتای حكومەتی هەرێمی كوردستانە”

+964

دیلان محەمەد جەزا

خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان گلەیی خۆیان گەیاندە ژووری بازرگانی، بەرامبەر رێگریکردن لە ناردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

نازم عەبدوڵا سەرۆکی كۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.10.2024 بە 964 وت، بەرهەمێکی زۆری مریشکیان هەیە و حکومەتی عێراقی رێگەیان پێنادات بینێرن بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

باسی لەوەش کرد، “هۆکاری رێگانەدانەکە گواستنەوەی مۆڵەتی کێڵگە پەلەوەرییەکانە بۆ سەر عێراق و داوایان لە حکومەتی هەرێم کردووە مۆڵەتەكان بۆ بەغدا بنێردرێت، حكومەتی هەرێمیش دەڵێن ناردومانن، بەڵام تا ئێستا دەنگی نییە”.

ئەوەی خستەڕوو، ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک لە کێڵگەکان بە 2250 دینارە و زۆر زیاتر لەو نرخە لەسەر خاوەن کێڵگە دەوەستێت و بووەتە زەرەر بۆیان.

جەمال حوسێن بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی بە 964 وت، سەرجەم زانیاری کێڵگە پەلەوەرییەکانیان کۆکردووەتەوە و رادەستی وەزارەتی کشتوکاڵیان کردووە، بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت خاوەن کێڵگەکان مریشک بنێرن بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام نازانرێت لە وەزارەتی کشتوکاڵ نێردراوە.

باسی لەوەش کرد، بڕیارێک لە عێراق دەرچووە، تەنیا مریشکی سەربڕدراو لە سەربڕخانە فەرمییەکان رێگەی پێدەدرێت بچێتە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە و مریشکی زیندوویان ناوێت، بۆیە رێکارەکانی ناردنی مریشک قورس بووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بەشێک لە مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکانى پشدەر کەڵکى خوار...

بەشێک لە مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکانى پشدەر کەڵکى خواردنیان نەماوە