سەرۆکی هەرێم لە تورکیا
هەڵبژاردن، ئابووری، ئاسایش و رێگا تازەکە قسەوباسی نێوان هەردوولا بووە
+964
ژێوار خدر
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، فراوانکردنی پەیوەندی ئابووری، رێگای گەشەپێدان، ئەو بابەتانە بوو کە نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەیان لێ کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16.10.2024 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە ئەنقەرە، لەوێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیای بینی، ئەم سەردانە تەنیا چوار رۆژی بەینە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی هەرێم لە فەیسبووک نوسیویەتی ”خۆشحاڵ بووم كه جارێكى ديكه له ئهنقهره لهگهڵ سهرۆکی کۆماری تورکیا رهجهب تهييب ئهردۆغان كۆبوومهوه، دهربارهى چهند پرسێك گفتوگۆمان كرد، لهوانه پتهوكردنى سهقامگيريى ناوچهكه و بەهێزترکردنی پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و عێراق لهگهڵ توركيا”.
سەرۆکی هەرێم نەینوسیوە لەبارەی چییەوە قسەیان کردووە، بەڵام میدیا تورکییەکان (حوڕییەت و سەباح و خەبەر تورک) دەڵێن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، فراوانکردنی پەیوەندی ئابوری، رێگای گەشەپێدان و کێشەی پەکەکە قسەیان کردووە.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بارەی ئەو سەردانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت ئەردۆگان هیوای خواستووە هەڵبژاردنەکەی 20ی مانگی پەرلەمانی کوردستان بە خێرو خۆشی بەڕێوەبچێت.
بە حیسابی میدیا تورکییەکان، هەردوولا باسیان لە دۆخی شێواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بەتایبەتی دوای هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و حیزبوڵا.
رێگای گەشەپێدان، ئەو رێگایەی لە بەندەری فاو لە خوارووی عێراقەوە تا زاخۆ دێت و لەوێوە دەچێتە تورکیا، باس و خواسی نێوان هەردوولا بووە، لەگەڵ ئەوەش باسی وەزعی وزە و سووتەمەنییان کردووە.
لە دانیشتنی هەردوولا باسی پەکەکە کراوە، میدیاکانی تورکیا دەڵێن ئەردۆغان سوور بووە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکایەتی هەرێم لە فەیسبووک نووسیویەتی ”سەرۆکی تورکیا ئامادەیی و پشتگیری وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.