کوردێک بوو بە قائیمقامی شارێکی ئەڵمانیا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کوردێکی باکووری کوردستان لە ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە زۆرترین دەنگەکانی شاری میندن لویبێک-ی بەدەستهێنا و بوو بە قائیمقامی ئەو شارە.

قائیمقامە نوێیەکەی شاری میندن لویبێک ناوی عەلی دۆغانە و بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو، 55.8٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

عەلی دۆغان تەمەنی 41 ساڵە، ئەو لەدوای بوون بە قائیمقام لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، “دەمەوێت زۆر بەباشی کار بۆ یەکسانی بکەم.”

ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارەی عەلی دۆغان تێیدا سەرکەوتوو بووە، نزیکەی 310 هەزار کەسە و شارەکە سەر بە هەرێمی نۆردراین ڤێستیفالنی ئەڵمانیایە.

رکابەرەکەی عەلی دۆغان سەر بە پارتی یەکێتی کریستیان بوو، کە 44.2٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

عەلی دۆغان لە شاری هێرفوردی ئەڵمانیا لە دایکبووە و بەشی یاسای لە زانکۆی بیلیفێڵد خوێندووە.

ئەو ماوەی 10 ساڵە وەک ئەندامێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا کار دەکات و یەکەم کوردە پۆستی قائیمقامی شارێک لە ئەڵمانیا وەربگرێت.