ئەمریکا پێشکەوتووترین تاقیگەی کۆمپیوتەری دەداتە 3 زانکۆی هەرێم

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمریکا 650 هەزار دۆلاری بۆ چەند زانکۆیەکی هەرێم دابین کرد و کونسوڵی گشتی لە هەولێر دەڵێت، پێشکەوتووترین تاقیگەی کۆمپیوتەرییان بۆ دروست دەکەین.

ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 650 هەزار دۆلار وەک پاڵپشتیی دارایی دەدەن بە هەر سێ لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.

بە وتەی کونسوڵی گشتیی ئەمریکا بەو بڕە پارەیە “تەکنەلۆجیای ئەمریکی ناسراو بە سیسکۆ (CISCO) دابیندەکرێت بۆ دروستکردنی پێشکەوتووترین تاقیگەی کۆمپیوتەری.”

ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ، کە دووشەممە کرا، وتی، لەم پرۆژەیەدا نۆ تاقیگەی زانستی بە نوێترین ئامێرى زانستى سەردەمییانە دروست دەکرێن، بۆ هەریەک لەم تاقیگانە راهێنانى تایبەت بە ستافى ناوخۆیی و مامۆستایانى زانکۆکان دەکرێت.

تەکنەلۆژیای CISCO ، بە وتەی وەزیری خوێندنی باڵا، ” دەبێتە پاڵپشتییەکى باش بۆ پێگەیاندنى دەرچوویەکى بەتوانا و خاوەن سکیڵ و کارامەیی، بەوەش دەتوانێ لە بازارى کار شوێنى خۆى بکاتەوە و دەرفەتى کار بەشێوەیەکى زۆر باش بەدەستبهێنێت.”