بارهەڵگرەکان ناگرێتەوە
رێگاى سماقوڵى کرایەوە
964+
وریا فەتاح
دواى چاوەڕوانییەکى زۆرى شۆفێران، دواجار ئەمڕۆ رێگاى سماقوڵى بەڕووى شۆفێراندا کرایەوە و کارەکانى قیرکردنى رێگەکە تەواو بوو.
رێگاى سماقوڵى ئیدارەى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە.
رێبین محەمەد، ئەندازیار و سەرپەرشتیارى پڕۆژەى قیرتاوکردنى رێگەى سماقوڵى بە 964ـى وت،” دواى ئەوەى رۆژى شەممەى رابردوو، قۆناغى کۆتایى قیرکردنى رێگاى سماقوڵى تەواو بوو، ئەمڕۆ سێشەممە، رێگاکە بەڕووى شۆفێراندا کرایەوە و ئێستا هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت”.
وتیشى،” کارەکانى قیرکردنەکە بەرێژەى 100% تەواو بووە، هاتوچۆ بۆ ئۆتۆمبێلى تایبەت ئاسایى بووەتەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر ناتوانن تا چەند رۆژێکى دیکە بەسەریدا بڕۆن”.
ماوەى زیاتر لە سێ مانگە هاتوچۆکردن لەو رێگەیە بۆ شۆفێران توشى ئاستەنگى ببوو، چونکە هەر جارە و بە هۆکارێک رێگەکە دادەخرا و کارکردن لە پڕۆژەکە دەوەستا.
دواى ماوەیەکى زۆر لە وەستانى کارەکان، لە رۆژى 1ـى 9ـى 2024ـەوە بە بڕیارى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردەوە کە دەبێت لە ماوەى کەمتر لە یەک مانگ ئەوەى ماوە تەواو بکرێت.
کۆى گشتى درێژیى هەرسێ قۆناغەکە، حەوت کیلۆمەتر و 300 مەترە، بودجەى گشتى هەرسێ قۆناغەکە یەک ملیار و 142 ملیۆن دینارە.
رێگەى سماقوڵى، ئیدارەى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە رێگە قەرەباڵغەکان.