پاڵاوتنی مۆندیالی 2026

ئەمڕۆ یادەوەرییەكەی عەدنان درجال دووبارە دەبێتەوە؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ سێشەممە 15.10.2024 لە یارییەكی بەهێزی پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026 و لە كیشوەری ئاسیا، هەڵبژاردەی عێراق لە سیۆل رووبەڕووی هەڵبژاردەی كۆریای باشوور دەبێتەوە.

یارییەكە لە گەڕی چوارەمی پاڵاوتنەكانە و لە ركابەرییەكانی كۆمەڵەی دووەمە، كە هەریەكە لە كۆریا و عێراق 7 خاڵیان هەیە و دەیانەوێ هاوبەشیی لەسەر پلەی یەكەم جیا بكەنەوە.

تیپی عێراق چەند رۆژێكە لە كۆریای باشوورن و ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە و 24 یاریزان بۆ یارییەكە ئامادەن.

بەڕێوەچوونی یارییەكە یادەوەری ئەوە بە بیر هاندەرانی عێراق دەهێنێتەوە، كە لە ساڵی 1984 لە پاڵاوتنەكانی ئۆڵمپیادی لۆس ئەنجلس، عێراق و كۆریای باشوور یارییان كرد و عەدنان درجال یاریزانی ئەوكاتی عێراق توانی گۆڵێكی مێژوویی تۆمار بكات، كاتێك لە نزیكەی ناوەڕاستی یاریگەوە تۆپێكی مووشەكئاسای ئاراستەی گۆڵی كۆریا كرد و توانی گۆڵێكی سەرنجڕاكێش تۆمار بكات و عێراق بەو گۆڵە یارییەكەی بردەوە.

سەبارەت بە یارییەكەی ئەمڕۆ، خیسۆس كاساس راهێنەری ئیسپانیی هەڵبژاردەی عێراق لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی دوێنێدا ئاشكرای كرد، داوای لێكراوە مەشقی هەڵبژاردەی كۆریا وەربگرێت، پێش وەرگرتنی مەشقی هەڵبژاردەی عێراق.

كاساس دانی بەوەدانا، یارییەكە بۆ تیپەكەی زەحمەتە و كۆریای باشوور بەهێزە و كۆمەڵێك پیشەگەری لە خولەكانی ئەوروپا یاریی دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند، ئەوان ئامادەكاریی باشیان بۆ یارییەكە كردووە.

بە پێی ئامارەكانی تۆڕی وایلد ستاتس،عێراق و كۆریای باشوور تا ئێستا بە گشتی 24 یارییان بەیەكەوە كردووە، 10 بردنەوە بۆ كۆریا و 3 بردنەوە بۆ عێراق، 11 یارییش یەكسان بوونە.

  درۆنێك مەشقەكانی هەڵبژاردەی عێراقی راگرت

  درۆنێك مەشقەكانی هەڵبژاردەی عێراقی راگرت