لە كۆریای باشوور
درۆنێك مەشقەكانی هەڵبژاردەی عێراقی راگرت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پەیدابوونی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان “درۆن” لە ئاسمانی ئەو یاریگەیەی هەڵبژاردەی عێراق لە كۆریای باشوور مەشقی تێدا دەكرد، ترس و دڵەڕاوكێ بۆ تیپەكە دروست كرد و مەشقەكانیش راگیران.
میدیای عێراقی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویانكردەوە، تەنێكی نامۆ، كە دواتر بینراوە درۆنە، هاتووتە سەر شوێنی مەشقەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی یونجین میریۆ.
یاریزانان و ستافی مەشقی هەڵبژاردەی عێراق بە پەیدابوونی درۆنەكە شڵەژاون و مەشقەكانیان راگرتووە، دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەكان دڵنیاییان بە تیپی عێراق داوە، درۆنەكە بە مەبەستی چاودێری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە لەوێ بەكارهێنراوە، بۆیە مەشقەكانیان دەستپێكردووەتەوە.
سبەی كاتژمێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ لە گەڕی چوارەمی پاڵاوتنەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەردوو هەڵبژاردەی كۆریای باشوور و عێراق رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە لە ركابەرییەكانی كۆمەڵەی دووەمدا، كە جگە لەو دوو تیپە، تیپەكانی فەڵەستین، ئوردن، عومان و كوێت لەخۆدەگرێت.
كۆریا و عێراق هەریەكەیان 7 خاڵیان هەیە و لە یەكەم و دووەمی كۆمەڵەكەن، كۆریا بە گۆڵی زیاتر لە پێشەوەیە.