ئێمە دروستمانکرد.. ئێوە بیپارێزن
بەنداوە گرنگەکەی بەستۆرە تەواو بوو.. تینوێتی هەولێر دەشکێت
+964
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ لە بەستۆرە بەنداوێکی گەورە تەواو بوو، هەولێر زۆر سوودی لێ دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و قازانجیشی زۆرە بۆ بوژاندنەوەی سامانی ماسی و ناوچەیەکی گەشتوگوزاری گرنگ دروست دەکات.
بەنداوەکە لەو شوێنەیە کە سەنحاریبی پاشای ئاشوور 2800 ساڵ پێش ئێستا پرۆژەی ئاودێری هەولێری لێ بنیادناوە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوبوونی پرۆژەکەی راگەیاند.
ئەو کاتەی سەنحاریب پرۆژە ئاودێرییەکەی تەواو کردووە بە خەتی مێخی شوێنپەنجەی خۆی بۆ نەوەکانی ئەم سەردەمە جێهێشتووە، ئەمڕۆش لە نزیک بەنداوەکە پەردە لەسەر پارچە بەردێک لابرا کە بە زمانی کوردی پەیام بۆ نەوەکانی داهاتوو جێهێڵدراوەو لەسەری نوسراوە ”بۆ نەوەکانی داهاتوو.. ئێمە دروستمان کرد، ئێوە بیپارێزن”.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە نزیک بەنداوەکە وتارێکی پێشکەش کردو وتی ”خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەین بۆ بینی بەرهەمی پرۆژەیەک کە پێش ساڵێک بەردی بناغەمان بۆ دانا، جێی دڵخۆشییە لە ماوەی ساڵکدا ئەم پرۆژەیە تەواو بوو”.
لەبارەی گرنگی بەنداوەکەوە وتی ”ئەم جۆرە بەنداوانە بۆ کشتوکاڵ و سامانی ماسی بەسوودن، هەروەها یارمەتی کەشوهەوای کوردستان دەدات و بۆ کەرتی گەشتوگوزار گرنگن”.
ئەم بەنداوە لە لایەن شێخ باز بەرزنجییەوە دروستکراوە، سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا رووی لە شێخ باز کردو وتی ”جێی خۆیەتی کە سوپاسی کاکە شێخ باز بکەم، بەرپرسیارێتی دروستکردنی لە ئەستۆ گرت”.
بەنداوی بەستۆرە لە جۆری خاکییە و بەرزییەکەی 30 مەترە و پانییەکەی 180 مەترە، درێژییەکەشی دەگاتە 630 مەتر. هەروا دەتوانێت 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ بگرێت و رووبەری کۆکردنەوەی ئاوی باراناویشی دەگاتە 108 کیلۆمەتر چوارگۆشە، ئەگەر باران باش ببارێت ئەوا سوودەکانی زۆر زیاتر دەبن، هەر بۆیە سەرۆکی حکومەت لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی ”هیوادام ئەمساڵیش ئەوەندە باران بێت، ئەو بەنداوەمان پڕ ببێت و بێین چێژی لێ وەبگرین”.