گەنمەکوتا و ساوەر دروست دەکەن
بەرهەمی بازاڕ جێگەی بە ئاشەکان لەق نەکردووە
964+
ئاکام غەفور- سۆران
بەشێک لە کابانەکان، سەردانی ئاشە تەمەن 45 ساڵەکەی قەزای هەریر دەکەن و ئێستاش پێیان وایە، ئەو گەنمەکوتا، ساوەر و ئارردەی بە دەستی خۆیان دروستی دەکەن، چەند هێندەری بەرهەم بازاڕییەکان بە تامترە و لێی رازین.
ئاشی حاجی ئەسعەد کە 45 ساڵە کار دەکات و نەوەکانی ئێستا ئاشەوانی ئاشەکەن و خەڵک لە ناوچەکانی تری کوردستان روو لە ئاشەکەیان دەکەن، ساوەر، بڕوش، گەنمەکوتا، برنج و ئاردی خۆماڵی لە گەنم و جۆ دروست دەکەن.
ئاشەکە ناودەنگێکی زۆری هەیە لە ناو خەڵک، هەر کە وەرزی پایز هات خەڵک زەخیرەی زستان کۆ دەکەنەوە، لە چۆمان، سیدەکان، دەشتی بەرازگر، سۆران، رەواندز، دەڤەری بادینان، شەقڵاوە و هەولێر ساڵانە بەردەوام خەڵک سەردانیان دەکەن.
هەرچەندە ئاشەوان و ئەو کەسانەی سەردانی دەکەن، هاوڕان لەسەر ئەوەی کارەکە زۆر قورسە، بەڵام تامە خۆماڵی و تایبەتەکەی ئەو بەرهەمانە ماندووبوونی لە بیر ئەو کەسانە بردووەتەوە و دەڵێن، تامەکەی جیاوزە لەگەڵ ئەوەی بازاڕ.
عەلی عەباس، ئاشەوانە و بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، ”ئەوە ئاشی باپیرمە بۆ ئێمە ماوەتەوە، هەرچەندە کارەکە کەم بووە بەڵام ئێمە ساڵانە موشتەری تایبەتمان هەیە، کە لە ناوچەکانی تری کوردستان سەردانی دەکەن، رێگای دوور دەبڕن بۆ دەستکەوتنی بەرهەمی خۆماڵی”.
بەپێی قسەی ئەو ئاشەوانە، لە ئاشەکەیان چەندین پێکهاتە و خواردن و بەرهەمی کوردەواردی لە گەنم و جۆ دروست دەکەن، گەوهەر حوسێن، دانیشتووی گوندێکی شەقڵاوەیە، 12 ساڵە سەردانی ئەو ئاشە دەکات، دەڵێت، “بە بیرم نایەت لە ماڵی خۆمان ساوەر و بڕوشی بازاڕمان خواردبێت و هەموو ساڵێک خۆمان دروستی دەکەین”.
ئەو کابانە باس لەوە دەکات، کارەکە قورسە و ماندووبونی زۆری دەوێت، دەبێت بیکوڵێنن و بیشۆنەوە و وشکی بکەنەوە چەند قۆناغێک ببرێت، تا بەرهەمەکە ئامادە دەبێت، بەڵام چونکە بەتامتر و خۆشترە، گوێ بەو ماندووبوونە نادەن.
ئاش مێژوویەکی کۆنی هەیە لە کوردستان، خەڵکی لە بەرهەمی دانەوێڵە، ژەمە خۆراکی سەرەکیان دروست دەکەن، بەڵام ئێستا کارەکە کەم بووە و بەهۆی هاتنی بەرهەمی هاوردەکراو و دەستکەوتنی ئەو خۆراکانە لە بازاڕدا، لە کاتێکدا جوتیاران لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە سەرووی چەندان تۆن لە گەنم و جۆ بەرهەم دەهێنن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا