ئەمینداری یەکگرتوو بۆ رووداوەکەی ماردین لە تورکیایە
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بە سەردانێک لە تورکیایە و بە گوێرەی زانیارییەکان، سەردانەکە بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوونە لە پرسی لیکۆڵینەوەی رووداوە تاوانکارییەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری رێگهی ماردینە.
خەلیل ئیبراهیم وتەبێژی یەکگرتوو، پشتڕاستی زانیارییەکی تۆڕی 964 دەکاتەوە، کە سەردانەکە بە مەبەستی ئاگاداربوونە لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە له رووداوەکەی رێگهی ماردین، کە تێیدا خێزانێکی پێنج کەسی خەڵکی دهۆکی تیرۆر کران.
سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هەواڵی سەردانێکی خۆی بۆ تورکیای بڵاوکردووەتەوە، بە گوێرەی هەواڵەکە بێت، سەردانەکە دوێنێ یەکشەممە 29ی کانوونی دووەم ئەنجامدراوە.
ئەمینداری یەکگرتوو، لە سەردانەکەیدا کۆمەڵیک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی لەگەڵ بووە.
وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی، بە تۆڕی 964ـی وت “سەردانەکە بۆ ئاگاداربوونە لە رەوتی لێکۆڵینەوەکانی کارەساتی تیرۆرکردنی پێنج هاوڵاتی دهۆک، کە تاوانەکە زۆر گەورەیە و پێویست بوو ئەمیندار ئەو سەردانە بکات”.
وتەبێژەکەی یەکگرتوو، هیچ زانیاریەکی دیکەی لەو بارەیەوە نەدرکاند.
شەوی 18ـی کانوونی دووەم، لەسەر رێگهی نسێبین – ماردین له باكووری كوردستان، تەقە لە پێنج هاونیشتمانی شاری دهۆک کرا، لە ئەنجامدا هەر پێنجیان کوژران، دواتر پارێزگاری شاری ماردین دەستگیرکردنی چوارکەسی راگەیاند، کە تاوانەکەیان ئەنجامداوە.