لە سنوورى رانیە
پاشماوەى سێ کۆشک لە گردى شمشارە دۆزرانەوە
964+
وریا فەتاح
دواى ئەنجامدانى کارى هەڵکۆڵین و کنەوپشکنین بۆ شوێنەوارى گردى شمشارە لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین، پاشماوەى سێ کۆشک دۆزرانەوە.
لە 20.9.2024ـەوە، بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی پیسای ئیتاڵی و بەڕێوەبەرایەتییهكانی شوێنەواری سلێمانی و راپەڕین، كارى ههڵكۆڵین له شوێنهوارى گردى شمشاره له سنوورى ئیدارهى راپهڕین ئەنجامدرا.
بارزان ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى راپەڕین بە 964ـى وت،” دواى ئەو ماوەیە لە کنە و پشکنین، پاشماوەى سێ کۆشک دۆزرانەوە کە مێژوویان بۆ چاخی ئاسنین دەگەڕێنەوە”.
گردی شمشارە حهوت كیلۆمهتر لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری رانیەوە دوورە و یەكێكە لە گردە شوێنەوارییەكانی كـوردستان، كه زۆرترین ئەرشیفی دەستنووسی بزماری تێدا دۆزرابێتەوە.
بۆیهكهمجار له ساڵی 1957 تیمێكی دانیماركی پشكنینی بۆ ئهم گردە كردووە، كە 16 چین چوونەتە خوارەوە، هەر چینێك دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێك كە لە چینی پێنجەمدا 150 تابلۆی قوڕینی بزماری دۆزیوەتەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشورییەكان .