دووشەممە یان سێشەممە دەکرێتەوە
سبەینێ قیرکردنى رێگەى سماقوڵى کۆتایى دێت
964+
وریا فەتاح
دواى چاوەڕوانییەکى زۆر، بڕیارە سبەینێ کارەکانى پڕۆژەى قیرکردنى رێگەى سماقوڵى تەواو بکرێت، بەوتەى ئەندازیارى سەرپەرشتیار لە دووشەممە و سێشەممە، هاتوچۆکردن لە رێگەکە ئاسایى دەبێتەوە.
رێبین محەمەد، ئەندازیار و سەرپەرشتیارى پڕۆژەى قیرتاوکردنى رێگەى سماقوڵى بە 964ـى وت،” تەبەقەى یەکەمى ئەو بەشە کەمەى مابوو رۆژى چوارشەممەى رابردوو تەواو کرا و بەیانى تەبەقەى دووەمى تەواو دەبێت کۆتایى بە ئیشەکان دێت”.
ئاشکراشى کرد، بە دڵنیایى رۆژى دووشەممە یان سێشەممە، رێگاکە بە رووى شۆفێراندا دەکرێتەوە و چیتر پێویست ناکات رێگەى جێگرەوە بەکار بهێنرێت.
ماوەى زیاتر لە سێ مانگە هاتوچۆکردن لەو رێگەیە بۆ شۆفێران توشى ئاستەنگى ببوو، چونکە هەر جارە و بە هۆکارێک رێگەکە دادەخرا و کارکردن لە پڕۆژەکە دەوەستا.
دواى ماوەیەکى زۆر لە وەستانى کارەکان، لە رۆژى 1ـى 9ـى 2024ـەوە بە بڕیارى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردەوە کە دەبێت لە ماوەى کەمتر لە یەک مانگ ئەوەى ماوە تەواو بکرێت.
کۆى گشتى درێژیى هەرسێ قۆناغەکە، حەوت کیلۆمەتر و 300 مەترە، بودجەى گشتى هەرسێ قۆناغەکە یەک ملیار و 142 ملیۆن دینارە.
رێگەى سماقوڵى، ئیدارەى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە رێگە قەرەباڵغەکان.