بڕیارە لە وادەی خۆی تەواو بکرێت

کار کردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە

964+

ژێوار خدر

کار کردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە و تا ئێستا دیزاینی پڕۆژەکە تەواو بووە.

قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، کار کردن لە پڕۆژەکەدا بەردەوامە و باش بەڕێوەدەچێت، و بۆرییەكانی گەیشتوون و دیزاینەكەی تەواو بووە و ئێستاش كار لە خەزانەكانی دەكرێت.

دەشڵێت، تا ئێستا دیزاینی پڕۆژەكە تەواو بووە و كار لە كۆنكرێتكردنی خەزانەكان و خۆڵكاری و ئامادەكاری بۆ راكێشانی هێڵی كارەباكەی دەكرێت.

روونیشیکردووەتەوە، گوژمەی پڕۆژەكە 114 ملیار دینارە و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە چەمچەماڵ و دەوروبەری لە كێشەی كەمئاوی رزگاریان دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، حكومەت جدییە لە تەواوكردنی پڕۆژەكە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، کە ماوەی تەواو کردنی 720 رۆژە.

پڕۆژەی یاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، ئاوی خاوێن دەگەیەنێتە شاری چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری، توانای به‌رهه‌مهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 480 هه‌زار كه‌سیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن.

"پێویستە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە كاتی خۆیدا تەواو بكرێت"