كێ ئەم هەڵڵایەی نایەوە
ئەمریكا دژی بە ئامانجگرتنی عەلی سیستانییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، ئەمریكا دژی ئەوەیە بە هەر جۆرێك مەرجەعی باڵای ئایینیی شیعەمەزهەب عەلی سیستانی بكرێتە ئامانجی هێرشەكان.
باڵیۆزخانەكە لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردەوە، دژی هەر بەئامانجگرتنێكی سیستانین و ئاماژەیان بەوەش كردووە، “بەڕێز سیستانی دەنگێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەیە بۆ بەهێزكردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا”.
هەروەها دەڵێن، “بەڕێز سیستانی كەسایەتییەكی ئایینی باڵایە و لە ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێزلیگراوە”.
ئەمە لە كوێ هات؟
لە رۆژانی رابردوو كەناڵی 14ی ئیسرائیل، مشتومڕێكی گەورەی نایەوە، دوای ئەوەی وێنەیەكی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی لە عێراق بڵاوكردەوە، وەك كەسێك لەوانەی ئامانجی ئیسرائیلن بۆ ئەوەی لەناویان ببات، كە لە تەك وێنەی چەند سەركردەیەكی حزبوڵا، حوسییەكانی یەمەن و فەرماندەی فەیلەقی قودس و رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی عەلی خامنەئی دانرابوو.
ئەو كارەی تەلەڤزیۆنە ئیسرائیلییەكە، لایەنە شیعییەكانی عێراق و تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عێراق و چەند وڵاتێكیشی هێنایەدەنگ، كە بە كارێكی قبوڵنەكراویان وەسف كرد و هۆشدارییاندا لەوەی ئیسرائیل نیازی كارێكی لەو جۆرەی هەبێت.