دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی

18نەخۆشی گورچیلە بەهۆی خواردنی حەبەوە تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە بوون

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

دوای وەرگرتنی  چارەسەر لە سەنتەری نەخۆشخانەی گورچیلە ،18 نەخۆش بەهۆی خواردنی حەبی گورچیلە تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە بوون. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەش دەڵێت، هەفتەی داهاتوو ئەنجامی لیژنەی تەندروستی دەردەکەوێت بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکارەکە چیە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 2024.10.10، کەسوکاری نەخۆشەکان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لە کۆنگرەییەکی رۆژنامەوانی گلەییەکانیان گەیاند و داوایان لە لایەن پەیوەندیدار کرد چارەسەر بۆ کێشەکەیان بدۆزنەوە.

کەسوکاری یەکێک لە نەخۆشەکان کە هاوسەرەکەی گورچیلەیەکی لە کار کەوتووە بە 964ـی وت، ساڵێک پێش ئێستا هاوسەرەکەم گورچیلەی چاندووە و حەبێکی وەرگرتووە کە کەمتر بوو لە نیو ملی گرام، بەڵام ماوەیەکە گورچیلەکەی لەکارکەوتووە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

وتیشی، ئەو دەرمانە حەبێک بوو، دوای خواردنی هاوسەرەکەم رەوشی تێکچوو، ماوەیەکە لە نەخۆشخانەیە و پشکنین بۆ دەرمانەکە کرا و دەرکەوت ماوەکەی بەسەرچووە و نابێت بەکاربهێندرێت، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین چارەسەرێک بۆ کێشەکەمان بدۆزنەوە.

شاکر سەلیم، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشخانەی گورچیلە لە دهۆک بۆ 964 وتی، پێش ساڵێک 300 نەخۆشی گورچیلە ئەو چارەسەرەیان وەرگرتووە کە حەبێکە، ئەو جۆرە دەرمانانەش لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە موافەقەیان پێدراوە و بەپێی لیژنەیەک و لەژێر چاودێری پزیشکان نەخۆشەکان دەرمانەکەیان وەرگرتووە .

روونیشیکردەوە، لیژنەیەک  پێکهێنراوە و لە وەزارەتی تەندروستیەوە هاتوونە لێرە و بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن و هەفتەی داهاتوو ئەنجامی پشکنینەکان دەردەچن .

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو 300 نەخۆشەی دەرمانەکەیان وەرگرتووە، 18 نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشکدان.

پیداچوونەوە: ژێوار خدر

کیسێکی زیاتر لە حەوت کیلۆیی لەسەر گورچیلەی نەخۆشێک لاب...

کیسێکی زیاتر لە حەوت کیلۆیی لەسەر گورچیلەی نەخۆشێک لابرا