بۆ نزیکەی نیوە کەمیکردووە

خانەقینییەکان ساڵ بە ساڵ لە خوێندنی کوردی دووردەکەونەوە

+964

راژان باجەڵان – خانەقین

لە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، ژمارەی ئەو قوتابیانەی کە دەچنە خوێندنگە کوردییەکان ساڵ بە ساڵ کەمتر دەبێت و لە هەندێک ناوچە بۆ نیوە کەمیکردووە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە 964 لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە دەستیکەوتووە، لە خانەقین بۆ ئەمساڵ ئەو قوتابیانەی کە لە قۆناغی یەکەمی خوێندنی کوردین 314 کەسن و کۆی گشتی ئەوانەشی کە لە ئێستادا لە ناوەندەکانی خوێندنی کوردین بۆ هەموو قۆناغەکان، ژمارەیان سێ هەزار و 815 کەسە و بەراورد بە ساڵانی پێشتر بۆ زیاتر لە نیوە کەمیکردووە.

لە قوتابخانەکانی سەر بە حکومەتی عێراقیش لە خانەقین، ئەمساڵ کەمتر لە 25 قوتابی چوونەتە بەر خوێندنی کوردی، لەبەرامبەردا 132 قوتابی قۆناغی یەکەم چوونەتە خوێندنگە عەرەبییەکان.

مامۆستا کارزان جەبار، بەرپرسی سەندیکای مامۆستایانی خانەقین بە 964ی وت ،”ژمارەی قوتابیان لەم ساڵانەی دواییەدا بەرەو کەمیکردووە و حکومەتی هەرێم لە ماوەی 20 ساڵدا تەنها سێ قوتابخانەی لە خانەقین دروستکردووە، ئەوانیش هیچیانیش هی خۆی نەبوو و دیاری کۆمپانیا نەوتییەکان بووە”.

لە خانەقین دوو بەرێوەبەرایەتی پەروەردە هەیە دانەیەکیان سەربە حکومەتی عێراق و دووەمیان سەربە حکومەتی کوردستانن بەڵام هیچیان ئامادەنین ژمارەی قوتابیانیانیان بۆ راگەیاندنەکان بڵاو بکەنەوە یان کەم و کورتی و ئەو هۆکارانە بنووسن کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خوێندنی کوردی لە شارەکە .

پێداچوونەوە: هاوبەش