هەنگەوانان ئەمساڵ کەم بەرهەمن

ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لەپشدەر لە نیوە کەمتر بووەتەوە

964+

محەمەد علی ــ پشدەر

کۆتایی وەرزی هاوین و سەرەتای وەرزی پایز لە پشدەر کاتی بڕینەوەی هەنگە و لەمساڵدا وەک هەنگەوانان دەڵێن بەرهەمیان بەڕاددەیەک خراپبووە بەشی ئەو خەرجیانەشیان ناکات کە لە هەنگەکانیان کردووە.

عومەر حسێن، هەنگەوانێکی بناری چیای قەندیلە بە 964ـی وت،” ئەمساڵ ساڵێکی زۆر خراپ‌ بوو بۆ هەنگەکانمان، ساڵانی پێشوتر ئەوکاتانە نزیکی 200 کیلۆ هەنگوینم دەبڕیەوە لە مێشەکانم، بەڵام ئەمساڵ نزیکەی 30 کیلۆ هەنگوینم هەیە، ئەوخەرجیەی لێشمان کردوون دەستمان نەکەوتووەتەوە و زەرەر مەند بووین”.

وتیشی، “کاتی گوڵکردن مێشە هەنگەکانمان دەبەینە کوێستانەکان بۆئەوەی هەنگوینی سروشتی و بێشەکر بەرهەم بهێنن، بەڵام کاتێک گوڵ پشکوت، باران باری و گوڵەکانی شۆردەوە لەو شیلەیەی پێویستە بۆ هەنگەکانمان تا هەنگوینی لێدروست بکەن بۆیە بێبەرهەم بووین و هەنگوینی پێویستمان نەبوو، ئەو شوێنانەیی ئەوبارانە لێی داوە مێشەوانەکان هەموویان حاڵیان بەوجۆرەیە هەر من وانیم”.

“من 72 سندوق مێشم هەیە، مێش هەیە هیچ هەنگوینی نەکردووە، مێشیش هەیە بەس بەشی خواردنی خۆی هەنگوینی کردووە، هەشیانە دەبێت خۆمان  شەکریان بۆدابنێین بۆئەوەی بیخوات و بژیت و لەناو نەچێت، جگە لەوەی هەنگوین کەم بووە هاوکات بەشێک لە مێشەکانیان لەناو چوون بەهۆی نەخۆشی یەوە” عومەر حسێن وای وت.

وەک دەڵێت، دوو ساڵ لەمەوبەر 146 سندوق مێشم هەبووە، کەچی ئێستا 72سندوق مێشم ماوە، ئاوا بڕوات ئەوانەی ماویشن لەناو دەچن چونکە نەخۆشی وازیان لێ ناهێنێت، حکومەتیش وەک پێویست هاوکارمان نییە لە پێدانی دەرمان و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەیان، ئەمە زیاتر کاری ئێمەی قورستر کردووە.

پێداچووەوە: توانا نەقی