لە رانکینی جیهانیشدا پێشکەوت
زانکۆی سلێمانی بووە یەکەمی زانکۆکانی عێراق
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
زانکۆی سلێمانی لە ریزبەندی زانکۆکانی عێراقدا لە پلەی یەکەمدا دێت و لە رانکینی جیهانیشدا بە شێوەیەکی بەرچاو چووەتە پێشەوە.
د. کۆسار عەلی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە 964ـی وت، “زانکۆی سلێمانی ئەمساڵ وەک یەکەم زانکۆی کوردستانیی، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق و دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ شاری سلێمانی و کوردستان”.
باسی لەوەشکرد، لە رانکینی تایمز هایەر ئیجوکەیشن، زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی عێراق.
د. کۆسار عەلی ئەوەشی خستەڕو، لە هەمان ئەو دەزگایە لەسەر ئاستی جیهان، زانکۆی سلێمانی پێشتر لە ریزبەندیی دوو هەزار و 800 بۆ دوو هەزار و 900ـدا بوو، بەڵام ئێستا چووەتە پلەی هەزار بۆ هەزار و 100 لە رانکینی جیهانیدا.
دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، شانبەشانی دامەزراوەی شانگەهای و دامەزراوەی کواکەرێلی سیمۆندس، یەکێکە لە سێ سەرەکیترین ئەو دامەزراوانەی کە لە سەر ئاستی جیهان چەندین ریزبەندیی جیاجیا بۆ زانکۆکان دەکات، گرنگترینیشیان، “ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان”ـە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری