نامه‌یه‌ك به‌ ناوی ئه‌وەوە بڵاوكرایه‌وه‌

گومانه‌كانی كوژرانی قائانی زیاتر بووه‌

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

نامەیەک، كە بە ناوی ئیسماعیل قائانیی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە بۆنەیەكدا پێشكەش كرا، گومانەكانی كوشتنی ئەو فەرماندەیەی زیاتر كردووە، كە چەند رۆژێكە هیچ هەواڵێكی نییە و دەگوترێت ناتوانرێت پەیوەندی پێوە بكرێت.

ماڵپەڕی نوور نیوز رایگەیاند: ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، پەیامێکی بۆ حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوپشتی لەگەڵ منداڵانی فەڵەستین ناردووە، پێشکەشکاری کۆنفڕانسەکە رایگەیاندووە، ئیسماعیل قائانی سڵاوی خۆی دەگەیەنێتە سەرجەم بەشداربووانی ئەم کۆنفڕانسە، بەڵام بەهۆی ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەیەكی گرنگدا نەیتوانی بەشداریی کۆنفرانسەكە بکات و داوای لێبوردنی لە بەشداربووان کردووە.

ئەم نامەیە مشتومڕ و ناڕوونیی زیاتری لە بارەی چارەنووسی ئیسماعیل قائانی زیاتر كردووە، كە ئەگەری هەیە لە هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی هاشم سەفیەدین كوژرابێت.

دوو رۆژ لەمەوبەر دوو بەرپرسی ئێرانی كە ناوی خۆیان ئاشكرا نەكرد، بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتبوو، پەیوەندییان لەگەڵ قائانی پچڕاوە و هیچ زانیارییەكیان لێی نییە.

بەڵام دوێنێ ئیرەج مەسجدی، جێگری فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند، فەرماندەی فەیلەقەکە ئیسماعیل قائانی، “تەندروستی باشە”.

قائانی چەند رۆژێک لەمەوبەر گەیشتە لوبنان و لە دوای هێرشەكەی ئیسرائیلەوە  بۆ سەر شوێنی هاشم سەفیەدینی بەرپرسی باڵای حزبوڵای لوبنان لە باشووری بەیرووت، تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەری نەبووە و لە نوێژی هەینی رابردووشدا لە تاران دەرنەکەوتووە، ئەمەش بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل.

ئیسماعیل قائانی، لە شوێنی قاسم سولەیمانی بووە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس دوای ئەوەی سولەیمانی رۆژی 03.01.2020 لە هێرشی درۆنێکی ئەمریکیدا لەگەڵ مەهدی موهەندیسی سەرکردەی حەشدی شەعبی لە بەغدا کوژران.

دوو بەرپرسی ئێرانی: پەیوەندی لەگەڵ قائانی پچڕاوە

دوو بەرپرسی ئێرانی: پەیوەندی لەگەڵ قائانی پچڕاوە