بەردی بناغەی دانرا
“قیرتاوكردنی رێگای قەڵادزێ – ئیسێوە كەمتر لە ساڵێك دەخایەنێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەردی بناغەی قیرتاوکردنی رێگای “قەڵادزێ – ئیسێوە – چەکوان – گەناو دانرا، ئەوەش راگەیاندرا پڕۆژەكە بە كەمتر لە ساڵێك تەواو دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 7.10.2024 بەردی بناغەی پڕۆژەی قیرتاوكردنی رێگای “قەڵادزێ- ئیسێوە- چەکوان- گەناو” دانرا.
لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكەدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی كوردستان دانا عەبدولکەریم ئامادەبوو، ئاماژەی بەوە دا
پڕۆژەكە بایەخ و گرنگی زۆری بۆ ناوچەکە و قەزای پشدەر و ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی هەیە لە رووی کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاری و بۆ بواری کشتوکاڵیش، بە تایبەتی بۆ گواستنەوەی بەروبوومی جوتیاران.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە ئاشكراشی كرد، داواکاریی هاوڵاتیانی ناوچەكە بۆ قیرتاوکردنی رێگای قەندۆڵ – ئیسێوە بە درێژیی دوو کیلۆمەتر، لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا جێبەجێ دەکرێت.
بە پێی راگەیاندراوی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، پڕۆژەی چاککردن و قیرتاوکردنی رێگای “قەڵادزێ- ئیسێوە- چەکوان- گەناو” زیاتر لە دوو ملیار دیناری تێدەچێت، كە درێژیی رێگاکە 28.4 کیلۆمەترە و بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا تەواو بکرێت.