رێگرییان لێدەكرێت
دانیشتووانی تووەسپی خۆپیشاندان دەكەن و رێگای سلێمانی بۆ مێرگەپانیان گرتووە
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتووانی گەڕەكی تووەسپی لە سلێمانی گردبوونەوە لەبەرامبەر رێگری كردنیان لە دروستكردنی خانووەكانیان.
ئاری رەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی خانووە تەواونەكراوەكانی گەڕەكەكە بە 964ـی وت، “ماوەی هەفتەیەكە چاوپۆشییان كردووە لە دروستكردنی خانووەكانمان و ئێمەش دەستمان كردووە بە تەواوكردنی خانوەكانمان، بەڵام ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنی هاتووە رێگریمان لێ دەکات.
وتیشی، ئێمە دەست هەڵناگرین لە دروستكردنی خانووەكانمان، لەبەرئەوەی خەرجیەکی زۆرمان كردووە و مەوادی زۆرمان كڕیووە و هەمووی دەبێتە زیان و جارێكی دیكەش زەرەر مەند دەبین.
ئاماژەی بەوەشدا، لەماوەی ئەو هەفتەیەدا چاوپۆشی كراوە، نزیكەی هەزار خانوو كاری تێدا كراوە و بڕیاری دروستكردنی خانوەكانمان لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە، بەڵام بەهۆكاری نادیار لە شارەوانی سلێمانی رێگریمان لێدەكرێت و وەڵامێكی جدیمان نادەنەوە.
لەسەر ئەو کێشەیە 964 پەیوەندی بە زەردەش رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانیەوە کرد و ئەو وتی بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو بابەتە نییە.
سەرچاوەیەکی باڵای ناو شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، هێشتا ئەو شوێنە نەخراوەتە سەر ماستەرپلانی سلێمانی بۆیە هەرچەندە بڕیاریش درابێت لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە تا رێکارە کارگێڕییەکان تەواو نەبن نابێت دەستبکەن بە دروستکردنی خانوو.
تووە سپی گوندێكی نزیك سلێمانییە، بەپێی رێنمایی تازە داخڵی سنووری ماستەرپلانی سلێمانی دەبێت و نزیكەی پێنچ هەزار ماڵ تێیدا نیشتەجێیە و 10 هەزار هەیكەلی تەواو نەكراویشی تێدایە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی