لە کەلار
تۆڕی ئاوی گەڕەکی بنگرد نۆژەندەکرێتەوە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
ئەمڕۆ دووشەممە، بەردی بناغەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەکی بنگرد دانرا، تۆڕی ئاوەکەی کۆنبوو ساڵی ھەشتاکان دانرابوو.
بڕیارە پرۆژەکە لەماوەی ساڵێک تەواو بکرێت.
سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە 964ـی وت،”تۆڕی ئاوی گەڕەکی بنگرد ساڵی ھەشتاکان کێشراوە، بۆریەکانی تەواو کۆن بوون و رزیون، ھەزار و 260 ھاوبەشی ئاومان لەم گەڕەکە ھەیە”.
“بەردەوام تووشی کێشە دەبوین بەھۆی کۆنی ئاوەڕۆکەوە بۆریەکانی دەشکان و دەبوو بەردەوام تیمەکانمان سەرقاڵی چاککردنەوە بونایە ئەمەش لۆدێکی زۆری لەسەر ئێمە دروستکردبوو”،سامان ڕەحیم وای وت.
بەڕێوەبەری ئاوی کەلار وتیشی،”بەھۆی شکانی بۆریەکانەوە تێکەڵ بە ئاوەڕۆی گەڕەکەکە دەبوو، ئاوەکەیان پیس دەبوو، ببووە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە گەڕەکەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد،”لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان پرۆژەکە ئەنجام دەدرێت، بڕی ملیارێک و 177 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، بڕیارە لەماوەی ساڵێک تەواو بکرێت”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی