لە پێنج ساڵدا
وەزارەتی شارەوانی: زیاتر لە پێنج هەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، زیاتر لە پێنج هەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون کە “بەشێکی زۆریان تەواوکراون”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6.10.2024، وەزارەتی شارەوانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی پێنج ساڵدا پێنج هەزار و 44 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سێکتەرەکانی شارەوانی، ئاو، ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار و شوێنەوار و پڕۆژەی دیكە جێبەجێکراون كە بەشی زۆری پرۆژەكان تەواوكراون و بەشێكیشیان لە قۆناغی كاركردندان و لە ماوەی دیاریكراودا تەواودەبن.
پرۆژەکان لە سەرتاسەری شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ کراون و گوژمەکەیان بریتیە لە (4,663,475,902,888) دینار.
وەزارەتی شارەوانی ژمارەی ئەو پرۆژانەی ئاشکرا نەکردووە کە بەردی بناغەیان دانراوە و کارکردن تێیاندا راگیراوە.
بەپێی ئامارەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەكان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان و داهاتی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بودجەی ئاسایی و بودجەی تایبەت و چەند پڕۆژەیەكیش لە رێگەی ڕێكخراو، زانكۆ و ئاژانسە بیانییەكان جێبەجێكراون.