"نابێت مه‌وادى كیمیاوى له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان به‌كار بهێنن" 

كارگه‌یه‌ك ماوه‌ى 7 ساڵه‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانى جوتیاران ده‌كڕێته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سلێمانى كارگه‌یه‌كی دروستكردنى به‌رهه‌مى كشتوكاڵى هه‌یه‌ رووى له‌ جوتیاره‌ نموونه‌یه‌كان كردووه‌ بۆ كڕینى به‌رهه‌مه‌كانیان به‌وجۆره‌ى كه‌ له‌ به‌خێوكردنى به‌رهه‌مه‌كانیان دڵنیان، كه‌ هیچ ماده‌يه‌كی كیمیایی بۆ به‌خێوكردن به‌كار نه‌هێنن.

كارگه‌ی به‌هار كه‌وتووه‌ته‌ كه‌نه‌كه‌ى سلێمانى و له‌رێگه‌ى گرێبه‌سته‌وه‌ ساڵانه‌ به‌رهه‌مى جوتیاران ده‌كڕێته‌وه‌.

جه‌لال كه‌ریم ئۆمه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى كارگه‌ به‌ 964ـى وت، ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى كارگه‌كه‌ راسته‌وخۆ به‌رهه‌میان له‌ جوتیاران كڕیوه‌ و له ‌كارگه‌كه‌یان چه‌ندین به‌رهه‌مى جیاوازى لێ دروست ده‌كه‌ن.

وتیشی “مه‌رجى سه‌ره‌كیمان بۆ جوتیاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك هیچ مه‌وادێك كیمیاوى و سه‌ماد له‌به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان به‌كار نه‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واو سروشتی بێت”.

سێو، ترێ، هه‌نار به‌هه‌موو جۆر و ره‌نگه‌كانییه‌وه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ن كه‌ به‌رده‌وام كارگه‌كه‌ له‌ جوتیارانى ده‌كڕێته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ساڵانه‌ گرێبه‌ستى كڕین له‌گه‌ڵ جوتیاره‌كان نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش ئه‌و جوتیارانه‌ى كه‌ به‌رهه‌میان لێ ده‌كڕنه‌وه‌ له‌ سێ تۆن تاوه‌كو 10 تۆن بووه‌.

جوتیارانى باسنێ، شاره‌زوور، هه‌ڵه‌بجه‌ و پێنجوێن له‌و جوتیارانه‌ن كه‌ كارگه‌كه‌ گرێبه‌ستى كڕینیان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

له‌كارگه‌كه‌ 10 جۆرى سركه‌ و چه‌ندین جۆرى زه‌یت  ئاوى نه‌عناع و به‌رهه‌می دیكه‌ به‌رهه‌م ده‌هێندرێت كه‌ ساڵانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام قه‌باره‌ى به‌رهه‌مه‌كانى ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 30 تۆن، جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش له‌ به‌غدا و شاره‌كانى دیكه‌ى عێراق ساغ ده‌كرێنه‌وه‌.