ئەمڕۆ حەوت رۆژە کەس نازانێت ئەیوب لە کوێیە

964+
هێمن بەکر

ئەمڕۆ حەوت رۆژە ئەیوب، منداڵە 13 ساڵەکەی ناحیەی کەسنەزانی هەولێر، لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، جەوی دونیا سارد و سەرما و باراناوییە، بەڵام کەس نازانێت ئەیوب کەوتووەتە کام گۆشەی زەوی و چارەنووسی چی بەسەر دێت.

ئەحمەد، باوکی ئەیوب، بە رۆژنامەنووسانی وتووە، کوڕەکەی “پەرکەم”ی لەگەڵدایە، ئەوە جۆرە نەخۆشییەکە کە مرۆڤ لە هۆشی خۆی دەچێت و ئاگای لە هیچ نامێنێت.

ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، کە بۆ کۆتا جار ئەیوب دەردەخات لە بەردەم قوتابخانەکەی بە فالینەیەکی سوور و پیجامەیەکی رەشەوە مل بەرەو ئەو سەری کۆڵانەکە دەنێت، یەکجاریش ئاوڕ دەداتەوە.

بنەماڵەکەی پێیانوایە بەرەو ئاراستەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر هەنگاوی ناوە، بەڵام ئەو دەڤەرەیان هەموو پشکنی و هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوت.

لەگەڵ بنەماڵەکەیشی، تیمەکانی پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایش و بەرگری شارستانی هەوڵی دۆزینەوەی دەدەن.

پۆلیس و کەسوکارەکەی ڤیدیۆیەکی دیکەیان دەستکەوتووە کە تێیدا کەسێک لە نزیک ئاوەڕۆیەک دەردەکەوێت، ئەوان پێیان وایە ئەوەش هەر ئەیوبە، بەڵام تەواوی ئاوەڕۆکەش گەڕاون و هیچیان دەستنەکەوتووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەیوب لە قوتابخانەیەکی تێکەڵی عەرەبی خوێندوویەتی، لە پۆلی چواری بنەڕەتی بووە و دەرەجەکانی باش نەبووە، هەروەها رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی ئیتر رۆشتووە و نەگەڕاوەتەوە.