7 ساڵ بەسەر مەرگیدا تێپەڕ دەبێت

مام جەلال؛ ئەو سەرکردەیەی یار و نەیارەکانی لەسەری کۆک بوون

964+

ژوورى هەواڵ

سبەینێ حەوت ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق و یەکێک لە دیارترین خەباتگێڕو سەرکردەکانی کوردستان.

مام جەلال رۆژی 18.12.2012 لە بەغدا دووچاری جەڵدەی مێشک بوو، بۆ چارەسەر گواسترایەوە بۆ ئەڵمانیا و دوای 19 مانگ لە تەمموزی 2014 گەڕایەوە بۆ سلێمانی، دوای ئەوەش دیسان بۆ چارەسەر برایەوە بۆ ئەڵمانیاو رۆژی 03.10.2017 کۆچی دوایی کردو سێ رۆژ دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ سلێمانی و لە مەراسیمێکی گەورەدا بە خاک سپێردرا.

مام جەلال 1933 لە دایکبووە، لە تەمەنی لاوێتیدا پەیوەندی کردووە بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوەو لە ساڵی 1947 هەتا 1975 چالاکوان و سەرکردەو قسەرۆیشتووی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بووەو لە سەرکردە دیارەکانی ئەو حیزبە بووە.

لەسەردەمی ناکۆکییەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، باڵێکی گەورەی ناو پارتی بە ناوی (جەلالی) ناودەبرا، هەرچەندە مام جەلال کەسی سێیەم و چوارەمی ئەو باڵە بوو، هەر لەوێشەوە دەستەواژەی (جەلالی و مەلایی) هاتە ناو کەلتوری سیاسی کوردستانەوە.

ساڵی 1975 تاڵەبانی و هاوڕێکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان دامەزراندو هەتا کۆچی دوایی سکرتێری گشتی ئەو حیزبە بوو.

لە مێژووی عێراقدا مام جەلال بووە یەکەمین سەرکردەی کورد کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت، رۆژی 07.04.2005 بوو سەرۆک کۆمارو هەتا 22.04.2006 لەو پۆستەدا بوو، ئەو خولە لەلایەن کۆمەڵەی نیشتیمانی عێراقییەوە هەڵبژێردراو بۆ یەک ساڵ بوو.

دوای ئەوە بۆ دوو خولی یەک لە دوا یەک لە پۆستی سەرۆک کۆماردا مایەوە، یەکەمیان 2006 – 2010 و دووەمیان 2010 – 2014 بەڵام دوو ساڵی کۆتایی ئەمەی دووەم بە هۆی نەخۆشییەوە بە فیعلی لە پۆستەکەیدا نەبوو.

تاڵەبانی 83 ساڵ ژیا، نزیکەی 60 ساڵی ئەم تەمەنەی لە خەبات و کوردایەتیدا بەسەربرد، دۆست و نەیارەکانیشی کۆکن لەسەر ئەوەی بە ژیانئاوایی ئەم سەرکردەیە بۆشاییەکی گەورە دروست بوو، هەم لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و هەم لە پەیوەدنی کورد بە بەغداوە.

پۆستەکەی تاڵەبانی لە بەغدا پڕۆتۆکۆڵی بوو، بەڵام خودی تاڵەبانی وایکردبوو پۆستێکی کاریگەرو گوێ لێگیراو بێت، ئەوانەی لە بەغدا لەگەڵ تاڵەبانی کاریان کردووە دەڵێن مام جەلال کەمترین کات پابەند دەبوو بە پڕۆتۆکۆڵەوە، کاتێکیش راوێژیان لەو بارەیەوە پێ دەدا، هەموو جار دەیوت ”سەرۆکایەتی مام جەلال ناگۆڕێت، مام جەلال سەرۆکایەتی دەگۆڕێت”.

پینەدۆزەکەی مام جەلال.. لەکۆنترین پینەدۆزەکانی کەرکوک

پینەدۆزەکەی مام جەلال.. لەکۆنترین پینەدۆزەکانی کەرکوک