پینەدۆزەکەی مام جەلال.. لەکۆنترین پینەدۆزەکانی کەرکوک
میدیازان – کاروان ستار – کەرکوک
تەمەنی ٨٦ ساڵە و پێڵاوی مام جەلالی چاککردووە، بە پینەدۆزیش ١٠ منداڵی پێگەیاندووەو ئێستاش لە کارەکەی بەردەوامە.
جەبار سابیر، یەکێکە لە کۆنترین پینەدۆزانی شاری کەرکوک کە هێشتا لەسەر پیشەکەی بەردەوامە، وەک خۆی دەڵێ ٧٤ ساڵە کاری پینەدۆزی دەکات و ١٠ منداڵی بە مەکینەو ئاسن و پلایسەکەی دەستی پێگەیاندووە.
“کە مام جەلال پارێزەر بووە لە کەرکوک، بۆ چاككردنەوەی پێڵاوکەی و بۆیە كردنی بەردەوام سەردانی دەكردین “
جەبار سابیر، کە ئێستا تەمەنی ٨٦ ساڵە، باس لەوە دەکات کە تەمەنی تەنیا ١٢ ساڵان بووە بووەتە شاگرد لای وەستا عابدین کە دوکانی پینەدۆزییەکەی لەبەرانبەر بینایی دادگای كۆنی كەركوك بووە، دەڵێ رۆژانەم تەنیا یەک فلس بووە، وتی “رۆژی وا هەبووە وەستا عابدین فلسەکەشی لا نەبووە پێمی بدات، دەیوت بەیانی دوو فلست دەدەمێ”.
وەستا جەباری پینەدۆز، باسی ئەو سەردەمە دەکات کە مام جەلال پارێزەر بووە لە کەرکوک و، دەڵێ بەردەوام مام جەلال ساڵانی پەنجاکان سەردانی دەكردین بۆ چاككردنەوەی پێڵاوکەی و بۆیە كردنی، هەموو جارێکیش دە فلسی پێدەداین، وتی “جگە لە مام جەلال، زۆرێکی تر لە بەرپرسان و ئەفسەران و سەربازان سەردانیان دەکردین بۆ چاککردنەوە یان دوورینەوەی پێڵاوەکانیان”.
جەبار سابیر، بە رەچەڵەک تورکمانی کەرکوکە بەڵام هاوژینەکەی کوردە، ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوەو دە منداڵیشی هەر بە پینەدۆزی پێگەیاندووە، ئێستاش تەنیا خۆی و هاوسەرەکەی بەیەکەوە لەماڵ ماونەتەوەو گوزەرانیشی وەک پێش هاوسەرگیری، هەر لەسەر کاری پینەدۆزییە.
جەبار وتی “بەراورد بە پێشتر، ئێستا ئیش نیەو زۆر کەمە”.
دوای فێربوونی پیشەی پینەدۆزی لەلای وەستا عابدین، جەبار سابیر، لە بازاری قۆریە دوکانی پینەدۆزی خۆی دەکاتەوە، دەڵێ “٦٠ ساڵە لەم دوکانەم”.
زیاتر وتی “ئەو پلایس و ئاسنەی بەردەستم، لەکاتی دانانی دوکانەکەم کڕیومەو تا ئێستاش بەکاری دەهێنم و ئیشی پێدەکەم”.