پشتیوانی راستەوخۆمان بکەن
هەرێمی کوردستان بووە ئەندام لە پەیمانگەی سیاسەتی کۆچی یەکێتی ئەوروپا
964+
ئەحمەد مستەفا
ناوەندی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان JCC، بە فەرمی بووە ئەندام لە پەیمانگەی داڕشتنی سیاسەتی کۆچی یەکێتی ئەوروپا، کە تێیدا هەر 27 دامەزراوەی کۆچی یەکێتی ئەوروپا و تەواوی ئەو لایەنانەی پڕۆژە پێشکەش بە بابەتی کۆچ دەکەن لەم پەیمانگەیە ئەندامن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ناوەندی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی قەیرانەکان لەگەڵ دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی تایبەت بە MPI لە بڕۆکسڵ بەشداربوون.
بەڕێوەبەری ناوەندی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکدا رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان میوان دۆست و کاریگەرە لە کەمکردنەوەی رەھەندەکانی بابەتی کۆچ بۆ ئەوروپا و لە خۆگرتنی ملیۆنێك ئاوارە و پەنابەر، پێویستە راستەوخۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان بکرێت، وە پشتیوانی راستەوخۆی بکرێت، نیگەرانی خۆشی پیشانداوە لەوەی پشکی زۆری هاوکارییەکان پێشکەش بە لایەنی تر دەکرێت، لە کاتێدا تەواوی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستانن.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری راوێژکاری کۆچ لە پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنێت، کە لەلایەن وڵاتی سوید پشتیوانی دەکرێت، وە لە هەمان کاتدا لەلایەن ووڵاتی ئەڵمانیا GIZ پشتیوانی دامەزراندنی سیستەمی گەڕانەوەی نیشتیمانی لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای هەڵەبجە دەکرێت.