بچن دوو نەمام وەرگرن

خانەقین بە مەکینە و عارەبانەوە دەستی بە چاندنی نەمام کرد

964+

راژان باجەلان  – خانەقین

خانەقین خۆی ئامادەکردووە لە ماوەیەکی شەش مانگدا، هەزاران نەمام بچێنیت ئەوەش لە شوێنە جیاجیاکانی ناوشار و دەرەوەی شار، هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت دوو نەمام وەربگرێت، بۆ چاندنی لەبەردەم ماڵی خۆی، ئەوەش بە مەرجی خزمەتکردنی.

ئەمڕۆ سێشەممە 1.10.2024، سەرەتای هەڵمەتەکەیان دەستپێکرد.

عەلی زوهێر بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین بە 964ی وت، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لە سەرتاپای عێراق هەڵمەتی سەوزکردن دەستیپێکردووە و شارەوانیی خانەقین ئێستا زیاد لە دوو هەزار نەمامی ئامادەکردووە بۆ جوانکردنی شوێنە گشتییەکان و شەقامە سەرەکییەکان.

بڕیار وایە سەرجەم فەرمانگەکانی قەزاکە بێنە ناو هەڵمەتەکەوە، شارەوانی سەرەتا بە کارمەند و مەکینە و عارەبانەکانی دەستی پێکردووە،  بەڕێوەبەری شارەوانییش وتی، لە رۆژانی داهاتوودا فەرمانگەکانی تر و قوتابخانەکان و تەنانەت باخچەی ساوایانیش لەم هەڵمەتە بەشدار دەبن، هەر هاوڵاتییەکیش دەتوانێت بە چاندن یان بەخشینی نەمام بەشدار بێت.

هەڵمەتەکە ئەمڕۆ لە هەردوو چوارڕیانی (سەبعە نیسان و ئەرکەوازی) دەستی پێکرد، هەرسێ جۆری نەمامی (ئەلبیزیا، لاکاسیا و واشنتۆن) چێندران و لە رۆژانی داهاتوودا هەڵمەتەکە فراوانتر دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا