سەبارەت بە بۆردومانی فڕۆكەخانەی بەغدا
سودانی داوای لێكۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات و 48 كاتژمێری داناوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ سێشەممە 1.10.2024 لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە سەربازییەكانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ ئەنجام بدەن بۆ زانینی هۆکاری ئەو كەموكوڕییە ئەمنییەی، كە وایكردووە بواری ئەوە هەبێت هێرش بكرێتە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا.
وتەبێژەكە لە راگەیەندراوێکدا، کە کۆپییەکی دەست تۆڕی 964 کەوتووە دەڵێت، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، داوای لە وەزیری ناوخۆ كردووە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا ئەنجام بدات بۆ زانینی هۆکارەکانی ئەو درزە ئەمنییەی كە بواری داوە بە هەڵدانی ژمارەیەک موشەکی کاتیۆشا لە ناوچەی عامرییە بەرەو فڕۆكەخانەی بەغدا و.
سودانی داوای ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی لە 48 كاتژمێری داهاتوودا كردووە و داواشی كردووە كەمتەرخەمەكان دیاریی بكرێن.
درەنگانی شەوی رابردوو بە سێ موشەكی كاتیوشا هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و بنکەی ڤێکتۆریای سەربازی ئەمەریکا، كە لە نزیك فڕۆكەخانەكەیە و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە.