لە شەقامی زەرگەتەی سلێمانی 

خاتوونێك بووەتە دایك و باوكی منداڵەكانی و بە كاری دەستی منداڵەکانی بەخێو دەكات

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی پێنج ساڵ دەبێت، لەشەقامی زەرگەتەی سلێمانی ژنێك بە كاری دەستیی رستن و چنین بژێوی خۆی و منداڵەكانی پەیدا دەكات و دەڵێت، “رۆژانە شەش كاتژمێر لەسەر ئەم شەقامە كاردەكەم”.

ژنەكە لە شوێنی كارەكەیدا دەستگر، لفكە، جانتای شان و تۆڕی قاپ شووشتن دەچنێت و رۆژانە چەند دانەیەكی لێدەفرۆشێت، وەك خۆی دەڵێت، رۆژانە پێنج بۆ 10 هەزار دیناری دەستدەكەوێت.

ژنەكە ناوی زەمیا عەبدولئەمیرە و قسەی بۆ 964 كرد، “ماوەی پێنج ساڵە لە شاری سلێمانی دادەنیشم و خەڵكی بەغدام، دوای گیانلەدەستدانی هاوسەرەكەم رووم لەم شارە كردووە، نزیكەی پێنج ساڵە لەسەر ئەم شەقامە، رۆژانە لە كاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ تا هەشتی شەو كاری چنین دەكەم و لەسەر پێی خۆم وەستاوم، بەمەش بژێوی منداڵەكانم دابین دەكەم”.

هەروەها باسی ئەوەی كرد، پێشتر ژیان و گوزەرانیان زۆر باش بوو، هاوسەرەكەی كورد بووە و بەڵێندەریش بووە.

“دوای ئەوەی هاوسەرەكە گیانی لەدەست دا، ژیانمان گۆڕا و هەرچی هەبوو دامانەوە لە قەرزی هاوكارەكانی و هیچمان بۆ نەمایەوە، ئێستا كرێچیم و ناچارم ئەم كارە بكەم و لە هەفتەیەكیشدا تەنیا رۆژانی هەینی پشوو دەدەم”، زەمیا عەبدولئەمیر وای وت.

ئەو ژنە بە هیوای ئەوەیە كارەكەی باشتر بكات، بۆ ئەوەی داهاتی زیاتر بێت و پێداویستییەكانی خۆی و منداڵەكانی باشتر دابین بكات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

35 ساڵە دارتاشە دەستڕەنگینەکەی کەلارە

35 ساڵە دارتاشە دەستڕەنگینەکەی کەلارە