وەزارەتی پەروەردە بوونی 12 ملیۆن نەخوێندەوار لە عێراقدا رەت دەکاتەوە

964+

بەغدا

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رەتی دەکاتەوە 12 ملیۆن نەخوێندەوار لە عێراقدا هەبن. بەڵام لە ژمارەی راستەقینەش بێئاگایە و دەڵێت، ئەو ئامارە لای وەزارەتی پلاندانانە.

لە بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاو کراوەتەوە، لە عێراقدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 40 ملیۆن کەسە، 12 ملیۆنی نەخوێندەوارە.

موئەید ئەلعوبەیدی، وتەبێژی دەزگای جێبەجێکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری بە رۆژنامەی سەباحی فەرمیی راگەیاندووە: ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی تیڤی بڵاو دەکرێنەوە گوایە ژمارەی نەخوێندەوار لە عێراق گەیشتووەتە 12 ملیۆن، فەرمی نییە.

دەشڵێت: وەزارەتی پلاندانان تاکە لایەنی بەرپرسیارە لە راگەیاندنی رێژەی راست و دروست ئەویش دوای ئەنجامی سەرژمێریی گشتی دێت.

لە هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواریدا لە عێراق، کە بۆ تەمەنی سەرو 15 ساڵانە، ژمارەی بەشداربووان و دەرچووان لە هەڵمەتەکەدا 250 هەزار کەسە لە هەردوو رەگەزەکەدا.

“وەزارەتی پەروەردە بەردەوامە لە راکێشانی نەخوێندەواران لە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ ئەوەی لە سەرانسەری عێراق خوێندن بە خۆڕایی دەستەبەر بکەن و ببنە خاوەنی بڕوانامەیەک کە هاوتا بێت بە پۆلی چواری سەرەتایی”، موئەید ئەلعوبەیدی وای وت.

زیاتر لە هەزار و 303 بنکە لە سەرتاسەری عێراق بە شێوەیەکی چڕ لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری کراوە بوون و کاریان کردووە.

هەموو ئەو کارانەش بە یاسای نەهێشتنی نەخوێندەواری ژمارە 23ـی ساڵی 2011 تایبەت بەو نەخوێندەوارانەی توانای خوێندنەوە و نوسیانیان نییە ئەنجام دەدرێن. ئەوەش بە وتەی موئەیەد ئەلعوبێدی.