”رەشەبا کارەبای ناحیەکەی بڕی“

ناحیەی هەڵشۆ شەوێکی بێ کارەبای بەڕێکرد

+964

محەمەد عەلی ـ پشدەر

بۆ سێ رۆژ دەچێت رەشەبایەکی بەهێز لە پشدەر هەڵیکردووە، بەهۆیەوە شۆرتی بە کارەبای نیشتمانی ناحیەی هەڵشۆ کردووە، دانیشتووانەکەی شەوی رابردوویان بێ کارەبا بەڕێکرد، بەشی دابەشکرنی کارەبایی قەڵادزێش دەڵێت، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە داین.

حەسەن هەڵشۆیی، دانیشتوی ناحیەیی هەڵشۆیە بە 964ـی وت، ”لە کاتژمێر 07:30 خولەکی شەوی رابردوو، کارەبایی نیشتیمانیمان کوژاوتەوە تا ئێستاش کارەبا نییە، ناحیەکەمان مۆلیدەی ئەهلیشی نیە، بۆیە لەبەر لامپاو فانۆس شەومان بەڕێکردووە”.

وتیشی، لە ساڵی 2008ەوە ستوون و وایەری کارەبا بۆ گوندەکەمان راکێشراوە و بە تەواوی کۆن بوون، لەگەڵ هاتنی هەورەبروسکە و باران گرفت بۆ کارەباکەمان دروست دەبێت، داوا کارین ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکرێت.

عەلی ئەحمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبایی قەڵادزێ لەبارەی ئەم گرفتەوە بۆ 964 وتی، ”ئاگادارین کە ناحیەی هەڵشۆ کارەبایی نیشتیمانیان بڕاوە، هۆکارەکەشی بوونی ئەم رەشەبایەیە کە رووی لە ناوچەکە کردووە و شۆرتی بە وایەری سەرەکی کارەباکە کردووە کارەبای گشت ناحیەکە بڕاوە.

“ئەمڕۆ بەیانی دوو تیمیان ناردووە بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکە، بەڵام تا ئێستا شۆرتەکە نەدۆزراوەتەوە، هەوڵ دەدەین بەزوترین کات بیدۆزینەوەو کارەبا بدەینەوە بە ناحیەیی هەڵشۆ.”عەلی ئەحمەد وای وت.

ناحیەی هەڵشۆ 13 کیلۆمەتر لەسەنتەری قەڵادزێوە دوورە، 28 گوندی بەسەرەوەیە، کۆی گشتی دانیشتوانی ناحیەکە 13 هەزار کەسەو زیاتر لە 1000 ماڵ تیایدا نیشتەجێ یە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

دانیشتووانی ناحیەی هەڵشۆ وەرگرتنی نەوتی سپی رەتدەکەنە...

دانیشتووانی ناحیەی هەڵشۆ وەرگرتنی نەوتی سپی رەتدەکەنەوە