لیژنەی سەرپێچی هەیە

پاش سێ رۆژ هیچ بەربژێرێکی سلێمانی لەسەر سەرپێچی لە بانگەشە سزا نەدراوە

964+

ژووری هەواڵ

لەدوای سێ رۆژ لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە سلێمانی هیچ بەربژێرێکی لەسەر سەرپێچی و هەڵواسینی پۆستەر بەشێوەی نایاسایی سزا نەداوە.

ئەمڕۆ هەینی 27.9.2024، ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، هیچ بەربژێرێک لە سنووری پارێزگاکە سزانەدراوە لەسەر ئەوەی سەرپێچییەکی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی کردبێت.

ئامانج عەزیز بەرێوەبەری گشتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سلێمانی بە 964 وت، پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرجەم لایەنەکان ئاگادار کراونەتەوە لەگەڵ شارەوانی سەرجەم ناوچەکان پابەندی رێنماییەکانی بانگەشە ببن.

باسی لەوەشکرد، لیژنەیەکیان پێکهێناوە تایبەت بە سەرپێچی کاندیدەکان بەتایبەتیش لە کاتی هەڵواسینی وێنەی بانگەشە و رۆژانەش لیژنەکە راپۆرتی خۆی بەرز دەکاتەوە.

لاى خۆیەوە، کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر بە 964ـى وت،”زۆربەى لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان، پابەندى رێنماییەکانى شارەوانى نەبوون بۆ هەڵواسینى فلێکس و پۆستەرى بانگەشەى هەڵبژاردن، بەتایبەت لە بەکارهێنانى ناوچەى سەوزایى و هێماکانى هاتوچۆ و رێگاوبانەکان”.

“دەستمانکردووە بە بەدواداچوون و سەرپێچییەکان زۆرن و تۆمارمان کردوون، لەگەڵ پارێزگار کۆدەبینەوە و سەرپێچییەکان دەنێرین بۆ کۆمیسیۆن بۆ ئەوەى لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت”، کارزان عەبدولهادى واى وت.

جەختیشى کردەوە، هیچ کاندید و لایەنێک ئاگادار ناکەنەوە لەوەى کە سەرپێچى کردووە، چونکە ژمارەیان زۆرە و ئەو هەمووە ئاگادار ناکرێنەوە.

بەپێى بەدواداچوونەکانى 964، لە شارى هەولێر و سلێمانى و زۆربەى ناوچەکان بەشى زۆرى کاندید و لایەنەکان لە هەڵواسینى پۆستەر و فلێکس بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن سەرپێچى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن و شارەوانى و هاتوچۆیان کردووە، بەتایبەت لە داپۆشینى هێماکانى هاتوچۆ و بەکارهێنانى ناوچەى سەوزایى و دانانى فلێکسەکان لە یوتێرنەکان و شوێنى پێچکردنەوە کە ناوچەى کوێریان بۆ شۆفێران دروستکردووە.

بانگەشەى هەڵبژاردن کاریگەرى لەسەر هاتنى گەشتیار هەبوو...

بانگەشەى هەڵبژاردن کاریگەرى لەسەر هاتنى گەشتیار هەبووە بۆ هەرێمى کوردستان؟