90 کەسن

تیمە خۆبەخشەکانی JCC خۆیان بۆ ئاو و ئاگر ئامادە دەکەن

964+
ئەحمەد مستەفا

ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان JCC، بە هەماهەنگی رێکخراوە پاڵپشتی کارەکانی سەرجەم خۆبەخشەکانی لە پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە کەمپێکی راهێناندا کۆکردەوە.

ئەو تیمە خۆبەخشانە کە ژمارەیان 90 کەسە، ئامادەکاری نوێ دەکەنەوە بۆ رووداوەکانی، (لافاو، ئاگر، بوومەلەرزە، ترس و ستێرس وە شیکردنەوەی ئۆتۆمبێلی تیمی خێرایی مرۆیی RRU)ی کە تیمەکانی ناوەندەکە بەکاری دەهێنن.

تیمی وەڵامدەری یەکەم FRT، کەسە سەرەتاییەکانن کە دەچنە سەر رووداوەکان، لە مامەڵەی لابردنی پارچە چیمەنتۆ و بلۆک و پاشماوەی رووخاوی خانوو، گواستنەوەی بریندار، کۆنتڕۆڵکردنی رووداو رادەهێنرێنەوە.

کەمپەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، و ئەمڕۆ 26.9.2024 بڕیارە کۆتایی پێ بهێنرێ، کە لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و گەرمیان و زاخۆ بەشدارن.

ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە بڵاوکراوەیەکدا و لە فەیسبووکی خۆی دەڵێت، تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان/JCC بەهاوکاری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا/ Technisches Hilfswerk THW-Iraq حەوت تیمی وەڵامدانەوەی خێرای لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دامەزراندووە.