یادی ریفراندۆمە

ئەو رۆژەی هەرێمی كوردستان دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ چوارشەممە 25.9.2024 حەوت ساڵ بەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت، ئەو رۆژەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان، دەنگی “بەڵێ”یان بۆ سەربەخۆیی دا.

بەپێی راگەیاندنی ئەنجامی دوای ریفراندۆمەكە، 92.73%ـی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگی (بەڵێ)یان بۆ سەربەخۆیی دا، هەروەها 7.27% دەنگیان بە “نەخێر” دا.

بە گوێرەی ئاماری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، كە سەرپەرشتیی راپرسییەكەی كرد، سێ ملیۆن و 305 هەزار و 925 كەس بەشداریی راپرسییەكەیان كرد، كە رێژەی 100%ی پێدرابوو.

راپرسییەكە ئەو پرسیارەی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كردبوو “”ئایا دەتەوێ کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟”

یەكەمجار بوو هەرێمی كوردستان لە مێژووی خۆیدا هەلی ئەوەی بۆ بڕەخسێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی لە چوارچێوەی عێراقدا بدات، ئەوەبوو لە 7.6.2017، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی باڵای سیاسیی هەرێم، كە هەموو حزبەكانی تێدا بەشدار بوون، رۆژی 25.9.2017 وەك رۆژی بەڕێوەچوونی راپرسییەكە دیاری كرا و پرۆسەكەش لە هەرێمی كوردستان بە كەركوكیشەوە ئەنجامدرا، بەڵام دواتر چی روویدا؟

ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بە دڵی دەسەڵاتدارانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت وڵاتە زلهێزەكانیش نەبوو، بەشێكیان پێیان وابوو كاتەكەی گونجاو نەبوو، بۆیە جۆرێك لە پشتتێكردن و پەراوێزخستن وەك فشار بەرامبەر هەرێمی كوردستان دوای ریفراندۆمەكە ئەنجام درا، دواتر شەڕ و پەلاماری سەربازی لێكەوتەوە، بە تایبەتی لە لایەن سوپای عێراقەوە بۆ سەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، كە ئاكامەكەی بەسەر هەرێمی كوردستان خراپ شكایەوە، ئەگەر هەوڵی چەند وڵاتێكی ئەوروپا و بە تایبەتی فەرەنسا نەبوایە، بۆی هەبوو ئاكامەكەی زۆر خراپتریش بێت.

هاوڵاتییه‌ك بۆ 964:

هاوڵاتییه‌ك بۆ 964: "ده‌نگدان ریفراندۆمی حه‌قیقییه‌"