ئامانجی سەردانەکە بزانە
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر
964+
شۆڕش قادری
بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، “ئەمشەو سێشەممە 2024.9.24، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کراوە، کە پێکهاتوون لە سەرۆکی لیژنە و ژمارەیەكی دیکە لە پەرلەمانتار و ئەندامانی لیژنە و راوێژکارانی.”
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارە شاندی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پرسی مووچەی فەرمانبەران و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان كۆببنەوە و تێیدا تاوتوێی ڕێگە چارەسەرییەکانی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی كوردستان بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە 8ی ئەم مانگە تەیف سامی وەزیری دارایی و شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق هاتنە هەولێر و پرسی مووچە و مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.