نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان - وێنە: KRP
"لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووین"
سەرۆکی هەرێم: دەبێت بانگەشە وێنەیەکی جوانی کوردستان پێشان بدات
964+
توانا نەقی
بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 12:00 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات، بەوبۆنەیەوە سەرۆکی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات بانگەشەیەکی ئارام و لە ژێر رێنمایی کۆمسیۆن بەڕێوەبچێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەرکی هەموانە کار بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی.
دەشڵێت، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن پابەند بن بە رێنماییەکانی کۆمسیۆنەوە لە ماوەی بانگەشە و دەبێت بانگەشە وێنەیەکی جوانی هەرێمی کوردستان پێشانبدات.
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنەکان رکابەری سیاسین نەوەک دوژمن بۆیە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ یەک بکەن بۆ کوردستانێکی بەهێز، هەروەها دەبێت رێز لە پێگەی ژنان بگرن وەک کاندید لە هەڵبژاردنەکاندا.
سەبارەت بە دواکەوتنی کاتی هەڵبژاردنەکانیش نێچیرڤان بارزانی وتی، چەند جارێک کاتی هەڵبژاردنەکانیان دواخست بەڵام لە پێناو رێککەوتنی لایەنەکان بووە و ویستوویانە بە بێ هیچ ململانێیەک بەڕێوەبچێت ئەگینا ئەوان هەرگیز لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبوون.
ئەمشەو کاتژمێر 12:00 بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات تاوەکو 15.10.2024 بەردەوام دەبێت و رۆژی 20.10.2024 رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە.