کورد هیچ پۆستێکی لە قەزاکەدا نییە
قائیمقامی نوێی خورماتوو دەستبەکاربوو
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
ئەمرۆ دووشەممە لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرجەم بەرێوبەرانی فەرمانگە ئیدارییەکانی خورماتوو ئاڵوگۆر بە پۆستی قایمقامیەتی قەزاکە کرا.
دوای شەش ساڵ قایمقامی خورماتوو (حەسەن زەینلعابدین) خانەنشین کرا و بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین (زولفەقار حەیدەر) وەکو قایمقامی نوێی خورماتوو دەنگی لەسەر درا و دەستنیشان کرا.
زولفەقار حەیدەر، قایمقامی نوێی خورماتوو بە 964ـی وت، “ھەموو ھەوڵێک ئەدەم ھاوسەنگی نێوان پێکھاتەکان رابگرم و بەبێ جیاوازی خزمەت و خزمەتگوزاری بۆ ھەموان ئەنجام بدەین”.
وتیشی، پشتیوان بەخوا سەرجەم پرۆژە راگیراوەکان دەخەینەوەگەڕ بۆ خزمەتی ھاوڵاتیانی شارەکە.
ئەگەر چی لەپێش رووداوەکانی ساڵی 2017 پۆستی قایمقامی خورماتوو و بەشێک لە پۆستە ئیدارییەکان لەژێر دەسەڵاتی کورد بوو، بەڵام دوای ئەو رووداوانە، کورد ھیچ پۆستێکی ئیداری بەدەستەوە نەماوە و بەھۆی ناکۆکی نێوان حیزبە کوردییەکان و رێکنەکەوتنیان لەئێستادا کورد خاوەنی ھیچ پۆستێکی ئیداری نییە لەقەزاکەدا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی