لیژنەی ئەمنیی هەولێر:

نابێت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئۆتۆمبێلی حکومی بەکاربهێنرێت

964+

شۆڕش قادری

لیژنەى ئەمنیى پارێزگاى هەولێر داوا دەکات، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئۆتۆمبێلی حکومی بەکار نەهێندرێت.

لیژنەى ئەمنىی پارێزگاى هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 22.9.2024  بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوەیان داوە:

یه‌كه‌م: نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كان بكرێت، كه‌ ببێته‌ هۆى دروستكردنى ئاسته‌نگ له‌ رێگاى هاتوچۆى خەڵک، هه‌روه‌ها نابێت ئامێرى بێزاركه‌ر به‌كاربهێنرێت، كه‌ ببێته‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى هاوڵاتیان.

دووه‌م: نابێت وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان له‌و شوێنانه‌ى كه‌ رێگه‌ دراوه‌، به‌ ماده‌ی لێكده‌ر وه‌ك (له‌زگه‌ یان غه‌ره‌) لێبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵبواسرێت، یان له‌سه‌ر ستاند له‌ شوێنیك دابنرێت، كه‌ رێگا نه‌گرێت، هەروەها بەکارهێنانى قوم، لم ، چیمەنتۆ بۆ راگرتنى دروشم و پۆستەر و وێنەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

سێیه‌م: نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چوارڕێیان و ترافیكلایته‌كان وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان لێبدرێت.

چواره‌م: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و پۆسته‌رى كاندیدان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌كان، هتد .. بدرێت.

پێنجه‌م: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كانى تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیوار و شوێنه‌ گشتییه‌كان وه‌ك (مزگه‌وت، كلێساكان، شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئاینییه‌كان و شوێنە کولتوورى و مێژووییەکان) هه‌ڵبواسرێت.

شه‌شه‌م: نابێت پارك و باخچه‌ گشتییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەکاربهێنرێت.

حه‌وته‌م: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و تابلۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ (قه‌دى داره‌كان، دوورگه‌ى ناوه‌ندی شەقامەکان) دابنرێت و وێنه‌ و دروشمى کاندیدان له‌ دارى باخچه‌ و پاركه‌كان بدرێت.

هه‌شته‌م: له‌ كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا نابێت ئۆتۆمبێلى (میرى) حكومى به‌كاربهێنرێت.

نۆیه‌م: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌پێدراو نییه‌ رسته‌ى ئاڵاى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ ستوونى رووناككه‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هێماکانى هاتوچۆ لە ناوشار و دەرەوەى شار و بەردەم کامێراکانى چاودێرى هه‌ڵبواسرێت.

ده‌یه‌م: له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى پاش دۆكیۆمێنتكردن، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت.

یازده‌یه‌م: له‌ رۆژى هه‌ڵبژاردن ژوورى عه‌مه‌لیات له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ به‌شدارى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت، له‌ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه‌، هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك له‌ بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، ئاگادارى ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

دوازده‌یه‌م: بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، له‌ پێناو پاراستنى ئاسایشى شاره‌كه‌مان و گردبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، ده‌بێت ره‌زامه‌ندیى لیژنه‌ى ئه‌منیى پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ربگیرێت.

سێزدەیەم: هەر كاندیدێك پابەند نەبێت بە رێنماییەکان، پۆستەر و بانگەشەکەى لەلایەن تیمەکانى شارەوانى لادەدرێت و کاردانەوەى یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

ئومێد خۆشناو: شاری هەولێر بۆ بانگەشە و هەڵبژاردن ئاماد...

ئومێد خۆشناو: شاری هەولێر بۆ بانگەشە و هەڵبژاردن ئامادەیە