كونسوڵی فەرەنسا چی دەڵێت؟

سبەی كۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا و كوردستان لە پاریس بەڕێوەدەچێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بڕیارە سبەی دووشەممە 23.9.2024 یەكەمین كۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا و كوردستان، بە هەماهەنگیی نێوان دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بزووتنەوەی ئابووریی فەرەنسا لە پاریس بەڕێوەبچێت، كونسوڵی فەرەنساش لە هەولێر دەڵێت، فەرەنسا شارەزاییەكی زۆرباشی لە بواری شارە زیرەكەكاندا هەیە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 22.9.2024 كونسوڵی گشتیی فەرنسا لە هەولێر یان برێم ، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا، كە لە پەیجی فەرمیی كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاند، سبەی بۆ یەكەمجار  كۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا و كوردستان لە پاریس بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، كۆڕبەندەكە بە هاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان و بزووتنەوەی ئابووریی فەرەنسا ئەنجام دەدرێت.

كونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر لە ڤیدیۆكەدا هەروەها دەڵێت، لە كۆڕبەندەكەدا پێوەندیی ئابووری لە نێوان كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا دروست دەكرێت، بە تایبەتی كۆمپانیاكانی فەرەنسا دەتوانن لە رێگەی كۆڕبەندەكەوە سوود لەو دەرفەتانەی وەبەرهێنان وەربگرن كە لە هەرێمی كوردستاندا هەن.

یان برێم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو، كۆمپانیاكانی فەرەنسا شارەزاییەكی زۆرباشیان لە بواری شارە زیرەكەكان و پەرەپێدانی درێژخایەنی ژینگەدۆستی هەیە، ئەمانەش ئەو تایبەتمەندی و كوالێتییانەن، كە هەوڵ دەدەن لە میانی كۆڕبەندەكەدا پێشانی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانی بدەن.

بڕیارە 60 وەبەرهێنەری كوردستان بەشداریی كۆڕبەندەكە بكەن، كە ماوەی یەك رۆژ دەخایەنێت.

باڵیۆزی فەرەنسا لە سلێمانی: ئەم شوێنەی تێیداین زۆر گرن...

باڵیۆزی فەرەنسا لە سلێمانی: ئەم شوێنەی تێیداین زۆر گرنگە