فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆک بۆ قورئانی پیرۆز بەڕێوەچوو

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

 بە بەشداری شەش قورئان خوێن، سێیەم فێستیڤاڵی دهۆک بۆ قورئان خوێندن بەڕێوە چوو.

 کاتژمێر هەشتی شەوی رابردوو، سێیەمین فێستیڤاڵی دهۆک بۆ قورئان خوێندن ئەنجامدرا، ئەمەش یەکەمین فێستیڤاڵ بوو دوای چوار ساڵ لە وەستانی.

 بەیار دوسکی، بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوانی دهۆک و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە میدیازانی راگەیاند، دوای چوار ساڵ لە وەستانی، بەهاوکاری وەقفی سوننەی عێراقی و، سپۆنسەری چەند لایەنیكی تری ناو دهۆک، سێیەمین فێستیڤاڵی قورئان خوێندن بەڕێوەچوو. 

“دوای چوار ساڵ لە وەستانی، سێیەمین فێستیڤاڵی قورئان خوێندن بەڕێوەچوو”

فێستیڤاڵەکە لە هۆڵی ئۆسکار لە سەنتەری شاری دهۆک بەڕێوەچوو، هەریەکە لە فوئاد مەولەوی لە ئێران، محەمەد جەمال زەینلعابدین لە تورکیا، محەمەد ریاز جبوری لە عێراق، سەنگەر عەبدولقادر لە هەولێر، ئەحمەد عوبێد محەمەد و سوفیان عەبدولقادر لە دهۆک، بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون و قورئانی پیرۆزیان خوێندەوەو، نزیکەی هەزارو ٢٥٠ کەسیش ئامادەی فێستیڤاڵەکە بوون.

بە قسەی بەیار بێت، یەکەم فێستیڤاڵی دهۆک بۆ قورئانی پیرۆز ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدرا، لە ٢٠١٧ فێستیڤاڵی دووەم ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دواتریش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کارەکانی فێستیڤاڵەکە راگیرا.