"نرخەكەی گرانە"

دانیشتووانی ناحیەی هەڵشۆ وەرگرتنی نەوتی سپی رەتدەکەنەوە

964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر

بۆ دوو رۆژ دەچێت نەوتی سپی لە پشدەر دابەش دەکرێت، بەڵام ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، نرخەکەی زۆرە و نامانەوێت و دانیشتووانی ناحیەی هەڵشۆش بە کۆی دەنگ رەتیانکردەوە

حەسەن هەڵشۆیی، دانیشتووی ناحیەی هەڵشۆیە، بە 964ـی وت، “سەرجەم هاوڵاتیانی گەڕەکەکانی ناحیەکەمان، بڕیارمان دا دابەشکردنی نەوتی حکومەتی هەرێم  رەتبکەینەوە، لەبەر ئەوەی نرخەکەی 104هەزار دینارە و زۆرە، داوا دەکەین کە نرخەکەی لە توانای هاوڵاتیاندا بێت، یان نەوتەکە هی حکومەتی عێراق بێت چونکە بە 60 هەزار دینار دابەشی دەکەن”.

عەبدوڵا محەمەد، موختاری ناحیەی هەڵشۆ بە 964ـی وت، “گشت هاوڵاتیان بڕیاریان داوە نەوتی سپی وەرنەگرت و رەتی دەکەنەوە، دەڵێن نرخەکی زۆرە و پارەکەی زۆرە، هاوتایە بەو نرخەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، كە نەوتی بازاڕ لە رووی کوالێتیشەوە باشترە و بە ئۆتۆمبێلیش بۆمان لە تانکی دەکەن و بێ کێشەشە.

دابەشکردنی نەوتی سپی لە قەزای چۆمان دەستیپێکرد

دابەشکردنی نەوتی سپی لە قەزای چۆمان دەستیپێکرد

روونیشی کردەوە، ناحیەکەیان ناوچەیەکی ساردە و شاخاوییە،  وەرزی سەرما لەوێ درێژە دەکێشت، بۆ هەر ساڵێک، پێنج بەرمیل نەوتیان پێویستە، لە نەبوونی سووتەمەنی پێویست پەنا بۆ داری ناو دارستانەکان دەبەن بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان، کە بەو شێوازە بەردەوام بێت دارستانەکانیشیان لەناودەچن، بۆیە دەڵێن “پێویستە حکومەت بە نرخێکی کەمتر و گونجاو دابەشی بکات”.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، 964 پەیوەندی بە بەکر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ كرد، ئەویش وتی، “بەهۆی ئەوەی دوێنێ پشوو بووە و دەوام نەبووە، کەس بە ئێمەی نەوتووە، بۆیە ئێمە ئاگاداری بابەتەکە نین و زانیاریمان نییە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بەم گەرمایە نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەكرێت

بەم گەرمایە نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەكرێت