لە گوێزی ئەمساڵ رازین

شەنیەرەکانی زەڵم بە شایەتومانەوە گوێزی ئەمساڵ لێدەکەنەوە

964+
ئەمەل جەلال

دانیشتووانی زەڵم، هەر بەدەست و پلەکەی جاران و بێ ئامار و تەکنەلۆژیای سەردەم، سەرقاڵی گوێز تەکاندن و کۆکردنەوەین.

زەڵم، یەکێکە لە گوندەکانی ھەورامان لە قەزای خورماڵ.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول، وەرزی تەکاندن و کۆکردنەوەی گوێز لە ھەورامان دەستی پێکردووە و تا کۆتایی مانگیش بەردەوام دەبێت، لە گوندی زەڵم، بە بەراورد بە ھەندێک ناوچەی دیکەی ھەورامان، پرۆسەکە زووتر دەستپێدەکات.

ئەو کەسەی کە گوێزەکان دەتەکێنێت “شەنیەر”ی پێدەڵێن، کە بەھۆی سەختی و مەترسییەکانی کارەکەوە، ھەموو کەسێک ناتوانێت بیکات، لە ھەر گوندە و چەند کەسێکی دیاریکراو ھەن، کە ئەوکارە بکەن، عومەر محەمەد بە 964ی وت، “من کە شەنیەرم، بەیانیان بە بسمیلا و شایەتومانەوە دەست بە لێکردنەوەی گوێز دەکەم”.

سەدان ساڵە لە ناوچەکە، بە یەک شێواز کاری گوێزتەکاندن و پاککردنی دەکرێت، خێزانەکان، خزم و دراوسێ و ناسیاوەکانیان ھاوکاری یەکدی دەکەن، بە شێوازی کلتووری بێ بەکارھێنانی ھیچ ئامێر و تەکنەلۆژیایەک، ھەر رۆژە و لە باخێک و بۆ خاوەن باخێک، کارەکە ئەنجام دەدرێت، لە ماوەی کەمتر لە سێ ھەفتەدا، تەواوی گوێزەکان کۆدەکرێنەوە و بۆ بازاڕ ئامادە دەکرێن.

ئەمساڵ گونجاویی کەشوھەوا، نەبوونی نەخۆشی، وای لە خاوەن باخەکان کردووە، لە گوێزە بەرهەمهاتووەکەیاندا رازی بن.

دوای وشککردنەوەیان، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، ئیدی گوێزی ھەورامان دەخرێتە بازاڕەوە و رکابەری گوێزی ھەموو ناوچەکانی دیکە دەکات و ساڵانەش زۆرترین خواستی لەسەرە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

تۆپباران بووتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی گوێز

تۆپباران بووتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی گوێز