خاوەنى به‌ناوبانگترین تاڤگه‌یه‌و كێشه‌ى ئاوی هه‌یه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گوندى بێخاڵ، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى خاوه‌ن هاوینەهەوارێكی گه‌شتیاری به‌ناوبانگ و سه‌رچاوه‌ى ئاوێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى‌، له‌ڕووى خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ بێ خزمه‌تگوزاره‌، له‌وانه‌ش كێشه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى هه‌یه‌ .

گوندی بێخاڵ زیاتر لە 80 ماڵی تێدایە، كه‌وتۆته‌ دامێنی چیای كۆڕەك، سه‌ر به‌ قه‌زاى رواندزه‌ له‌ سنوری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی سۆران.

هه‌ڵۆ بێخاڵى، دانیشتووی ئه‌و گونده‌یه‌‌، بۆ تۆڕى964، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لەدوای ساڵی 2009، كە حكومەت پێشینەی خانوبەرەی بە هاوڵاتیان دا، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی گوندەكە گەڕانەوە و خانویان دروستكرد، بەڵام لەوكاتە تا ئێستا له‌ خزمه‌تگوزارى په‌راوێز خراوه‌، حكومەت هیچ پڕۆژەیەكی بۆ نه‌كردووه‌.

وتیشی “له‌ گوندەكەمان كێشه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌مان هه‌یه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌ت له‌  سه‌رچاوه‌ى ئاوى بێخاڵه‌وه‌، ئاوى بۆ سەنتەری سۆران و ڕواندز و گوندی سرێشمەی شارەدێی خەلیفان بردووه‌”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ تا ئێستا چەندین جار دانیشتوانی گوند داوایان لە لایەنی پەیوەندار كردووە، بەڵام ده‌ڵێ “تائێستا هیچمان بۆ نەكراوە”.

ته‌ها بێخاڵی، كه‌سێكی به‌ته‌مه‌نى ئه‌و گونده‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، جگه‌ له‌ كێشه‌ى كه‌مى ئاو، ئه‌و گونده‌ كێشه‌ى خزمەتگوزاری ڕێگاوبان شوێنی تایبه‌ت به‌ منداڵانیشیان هه‌یه‌.

وتیشی “گوندەكەمان ناوبانگێكی گەشتیاری زۆری هەیە، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ى له‌ به‌ر بێ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن”.

قائیمقامى رواندز، ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه‌ كه‌ گوندى بێخاڵ كه‌موكوڕى خزمه‌تگوزارى زۆرى هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌ڵێ له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ كاری جیاجیاى بۆ بكه‌ین.

له‌ په‌یوه‌ندیه‌كدا ئەحمەد قادر، قائیمقامی قه‌زاى ڕواندز بە تۆڕى964ـی راگه‌یاند “بڕی 100ملیۆن دینارمان بۆ قیرتاوكردنی بەشێك لە كۆڵانەكانی ناو گوندی بێخاڵ تەرخانكردووە، بەڵام بەهۆی دەستپێكردنی وەرزی باران بارینەوە كاركردن لە پڕۆژەكەدا وەستاوە و دوای وەرزی باران بارین جێبەجێی دەكەین”.

وتیشی “پلانى داهاتووشمان بۆ هه‌ندێ خزمه‌تگوزارى تره‌ بۆ ئه‌و گونده‌، له‌وانه‌ش ئاوى خواردنه‌وه‌”.