وتبووی "ئەمریکا بە دوژمن نازانین"
پزیشکیان بۆ کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە ئەمریکا
964+
ئەحمەد مستەفا
یەکشەممەی داهاتوو، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەمریکا دەکات، گەرچی عادەتی سەرۆک کۆمارەکانی ئێرانە سەردانەکە، بەڵام سەردانی پزیشکیان هەڵوێستە جیاوازەکانی لە بەرانبەر ئەمریکا بەرچاوترە.
میدیای ئێرانی ئەمڕۆ سێشەممە 17.9.2024، وەک رۆژەڤ باسی سەردانەکە دەکەن، لەوانە ماڵپەڕی ئیسنای نزیک لە سوپای پاسداران نوسیوویەتی، “سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەسعود پزیشکیان رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بە مەبەستی بەشداریکردن و وتاردان لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەچێتە نیویۆرک”.
مەسعود پزیشکیان رۆژی یەکشەممە دەگات، رۆژی سێشەممە وتارەکەی لە ژێر ناوی “سەرکردەکان بۆ ئایندە” لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش دەکات، ئیسنا دەڵێت، “پزیشکیان دیدار لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکا، وتووێژ لەگەڵ رێبەرانی ئاینی، دیدارێک لەگەڵ دەزگا میدیاییەکان و دیداری دوو قۆڵی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە ئەوروپی و ئاسیایی و ئیسلامییەکان ئەنجامدەدات”.
ئەم گەشتە، هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی ئەیلوول یان سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجام دەدرێت و سەرۆکەکانی ئێرانیش بۆ دەربڕینی بۆچوون و پرسەکانی خۆیان لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەشدارییان کردووە.
چوونی پزیشکان بۆ ئەمریکا لە کاتێکدا دێت، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە دۆخێکی جێگیر و هاوسەنگدا نییە، لە چەند رۆژی رابردوو پزیشکیان رایگەیاندبوو، ئەمریکا دوژمنی ئێران نییە و ئێمە دوژمنایەتیمان لەگەڵیاندا نییە و ئامادەین بۆ دۆستایەتی، ئەگەر ئەوان بیانەوێت.