هەڵبژاردنی كوردستان
كاندیدێكی هەڵبژاردنی پەرلەمان دوورخرایەوە و یەكی دیكە گەڕایەوە ركابەری
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ رایگەیاند، كاندێكی هەڵبژاردنی كوردستانی دوورخستەوە و یەكێكی دیكەشی گەڕاندەوە كە پێشتر دوورخرابووەوە.
كۆمیسیۆن ئەمڕۆ سێشەممە 17.9،2024 لە دوو راگەیاندراوی جیاوازدا، كە لە گرووپی رۆژنامەنووسان لە واتساپ پۆستی كردووە، ئاشكرای كرد، كاندید “ئەحمەد مەحمود محەمەد” لە لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی بە ژمارە 25 لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی پەیوەندینەكردنی بە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان لە بەغدا و پێشكەشنەكردنی بەڵگەی سەلامەتی و بێتاوانی خۆی، بە بڕیاری كۆمیسیۆن دوورخرایەوە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، حزبەكەی لە ماوەی سێ رۆژدا دەتوانێت كەسێكی دیكە وەك كاندید دیاریی بكات.
هەر ئەمڕۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری دا بە گەڕاندنەوەی كاندید “شڤان سەعید عومەر” بۆ ركابەرییەكانی هەڵبژاردن، كە پێشتر بە بڕیاری ژمارە 4 لە 12.9.2024 دوورخرابووەوە.
كۆمیسیۆن دەڵێت، كاندیدەكە تانەی لە بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردن داوە، كە دووری خستبووەوە و ئێستا مافی خۆی لە كاندیدبوون بەدەستهێناوە.
بڕیارە لە 20.10.2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، هێشتاش وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن رانەگەیەندراوە.